دوای ئەو گورزە گەورەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل لە ئێران و تەواوی بەرەی بەرگریكاری لە ناوچەكەی دا، ئێستە تاران و میلیشیاكانی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوە دەكەن، بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمەریكا پێشبینی دەكەن كە وەڵامدانەوەی ئێران بەهاوشێوەی وەڵامدانەوەی مانگی نیسانی رابردوو بێت، واتە ژمارەیەك مووشەكی بالیستی و درۆن راستەوخۆ بەرەو ئیسرائیل داوێت، هاوكات میلیشیاكانی ئەوانیش لە هێرشەكە بەشداری دەكەن، بەڵام ئەمەریكا ئاست و سنووری هێرشەكە و ئەو ئامانجانەی نابێت لێیان نزیك بكەونەوە بۆ دیاری كردوون.
ئەو بەرپرسانەی هەواڵگریی ئەمەریكا ئاماژە دەكەن، رەنگە ئەو وەڵامدانەوەی ئێران لە رۆژانی داهاتوو بێت، بەڵام رەنگە گەورەتر و ئاڵۆزتر بێت لە هێرشەكەی پێشوو، واتە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ میلیشیاكان هێرش ئەنجام بكات، بۆیەش جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمەریكا تاوتوێی رەوانەكردنی هێزی زیاتری ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆسازدان بۆ كاردانەوەی ئێران لەدژی ئیسرائیل دەكات.
ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا دووپاتیان كردەوە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریكی تاوتوێی گۆڕانكاریی پێویستی لە هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە كردووە، كاتێك چەندان كەشتیی سەربازیی ئەمەریكی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست هاتوون، لەوانەش بۆ رزگاركردنی هاووڵاتییانی ئەمەریكا لە لبنان لە حاڵەتی دروستبوونی شەڕ لەو وڵاتە، لەوانە كەشتی كە توانای رووبەڕووبوونەوەی مووشەكی بالیستیان هەیە و پۆلێكیش فڕۆكەی سەربازی.
لەوكاتەی ئیسرائیل خۆی بۆ هەموو سیناریۆكان ئامادە كردووە، لەوانە چەند رۆژێكی بەردەوام لە بۆردمان و هێرشی مووشەكی و درۆنی ئێران و میلیشیاكانی، لیندسی گراهام، سیناتۆری ئەمەریكی دووپاتی كردەوە كە باشترین رێگە بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی هێرشەكان دژی ئیسرائیل ئامادەسازییە بۆ هێرشەكردنە سەر ئێران و هەڕەشەلێكردنیەتی.
ئەو سیناتۆرە كۆمارییە دەڵێت، پێویستە هەر ئیدارەیەكی ئەمەریكی ئیسرائیل لەوە دڵنیا بكاتەوە كە بەرانبەر بە ئێران و میلیشیاكانی پاڵپشتی و بەرگرییان لێ دەكەین، بۆیە ماوەیەكی دوورودرێژە كاتی ئەوە هاتووە باسی هێرشكردنە سەر ئێران بكەین، كە هەڕەشە لە ئەمەریكا و ئیسرائیل دەكات و لە ناوچەكە شێتانە هەڵسوكەوت دەكات.
روونی كردەوە، پێویستە هێرشی حەماس و حزبوڵای لبنانی و حوسییەكان بۆ سەر ئیسرائیل وەك هێرشی ئێران دابنێین، چونكە هەموو ئەوانە لەلایەن ئیرانەوە پارە و چەكیان پێ دەدرێت بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان، بۆیە نابێت ئیسرائیل تەنیا مافی بەرگریكردنی لە خاكەكەی بەرانبەر بە ئێران هەبێت، بەڵكو بتوانێت گورزی لێ بوەشێنێت.
گراهام دووپاتی لەوە كردەوە كە رابەری شۆڕشی ئێران و دەستوپەیوەندەكەی یەك سەرچاوەی داهاتیان هەیە كە فرۆشتنی نەوت و غازە، ئەگەر پاڵاوگەكانیان دووچاری مەترسی و هێرش هاتنەوە، ئاكار و هەڵسوكەوتیان دەگۆڕێت، بۆیە باشترین رێگە بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخەكە پێشاندانی ئامادەییە بۆ هێرشكردن، ئێستەش كاتێكی گونجاوە بۆ ئەوە.
دوای گورزە گەورەكەی ئیسرائیل لە بزووتنەوەی حەماس و ئێران و حزبوڵای لبنانی، بەر لەوانیش لە حوسییەكانی یەمەن، ئێستە ئەمەریكا گوشارێكی گەورەی خستووەتە سەر تاران، بەوەی نابێت وەڵامدانەوەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بنەماكانی رووبەڕووبوونەوەی سنوورداری پێشوو دەربچێت، واشنتن لە رێگەی قاهیرەوە پەیامی بە تاران داوە و چەند خاڵێكی بۆ دیاری كردووە.
لەوكاتەی ئەمەریكا خەریكی كۆكردنەوەی هێزی زیاتری سەربازییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە و فرەوانبوونی شەڕی نێوان میلیشیكان و ئیسرائیل، گوشارێكی گەورەی خستووەتە سەر ئێران بۆ ددانبەخۆداگرتن و گرتنی جڵەوی میلیشیاكانی لە ئەگەری هەر كاردانەوەیەك كە دۆخی ناوچەكە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر ببات.
بەپێی زانیارییەكان لە چەند سعاتی رابردوو میسر خەریكی جموجۆڵە بە مەبەستی هێوركردنەوەی ئەو پەرەسەندنەی لەدوای كوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران دروست بووە، میسر لەسەر هەردوو ئاستی دیپلۆماسی و تەناهیدا پێوەندی بە ئێرانەوە كردووە، جیا لە ئاڵۆگۆڕكردنی بۆچوونەكانیان، قاهیرە پەیامێكی ئەمەریكای بۆ تاران گواستووەتەوە بۆ دانانی سنوور بۆ وەڵامدانەوەی چاوەڕوانكراوی بۆ كوژرانی هەنییە و فوئاد شوكر، راوێژكاری سەربازیی حەسەن نەسروڵا لە بەیرووت.
بەپێی زانیارییەكان قاهیرە وریاییەكەی واشنتنی بۆ تاران گواستووەتەوە لە ئەگەری كردنەئامانجی بەرپرس و دیپلۆماتكارانی ئیسرائیل لەهەر وڵاتێكی ناوچەكە، جیا لە كردنەئامانجی شوێنە مەدەنی و بازرگانییەكانی ئیسرائیل، راستەوخۆ لە خاكەكەیەوە یان لە رێگەی میلیشیاكانی لە ناوچەكەوە.
بەڵام قاهیرە هیچ وەڵامێكی لە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە رێوشوێنەكانی ئێران و قۆناغی داهاتوو دەست نەكەوتووە و تەنیا ئێران گوێی بۆ پەیامەكان گرتووە، میسر داوای لە ئێران كردووە بۆ پەلەنەكردن و دیراسەتكردنی هەموو لێكەوت و كاریگەرییەكانی هەنگاوی داهاتووی، چونكە ناوچەكە وەك بەرمیلێك تەقەمەنی لێ هاتووە و هەر پرووشكە ئاگرێك ناوچەكە بە تەواوەتی دەتەقێنێتەوە.