یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەو حزبەی تەنیا یەك جۆر بیركردنەوە و سیاسەت و ئامانجی هەیە ئەویش تێكدانی نێوماڵی كورد و كوردستانە لەپێناو پۆست و پلە، ئەو حزبەی هەر شوێنێك پۆستێكی بۆ كورد تیادا بێت رێككەوتنی ژێر بەژێری بۆ دەكات دژی كورد دەوەستێتەوە، ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەی پۆستەكە وەربگرێت، رۆشنبیرێك دووپاتی كردەوە كە ئەم شێوازە كاركردنەی یەكێتی دۆخێكی خراپی لە هەرێم دروست كردووە و لەكوێ بەرژەوەندییان نەما كار بۆ تێكدانی دەكەن.
ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، هەر حزبێك بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندیی گشتی خست، ئەوە هەركاتێك بێت كار بۆ تێكدانی دۆخ و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات، لەهەر شوێنێك بەرژەوەندیی خۆی نەبوو تێكی دەدات، یەكێتی ئەو حزبەیە كە هەمیشە لە هەرێم و لە بەغداش بەرژەوەندخواز بووە، لە هەرێم هۆكاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی و خراپیی پێوەندیی لایەنەكانە، لە بەغداش بەتەنیا كاری كردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی دەستكەوتەكان رادەستی بەغدا بكا و بەرژەوەندیی خۆی بەدەست بێنێت.
باسی لەوەش كرد، مادام یەكێتی حزبی بەرژەوەندییە، تا ماوە لەو دۆخەی ئێستەی كە حزبەكە رووبەڕووی بووەتەوە رزگاری نابێت، ناكرێت بڵێی سیاسەت دەكەم، بەڵام دەبێت هەموو شتەكان لەسەر داواكاریی من و بە ئارەزوو و دڵی من بێت، یەكێتی چەندان ساڵە ئامادە نییە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت، لە حكوومەت بووە و دژایەتیی حكوومەتی كردووە و داوای پۆست و پلەی زیاتریشی كردووە، كاری بۆ پاراستنی دەستكەوتەكان نەكردووە و ئامادەش نەبووە لەگەڵ شاندی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ ئەوەی داوای مافی خەڵكی هەرێم بكات، هۆكاری خراپیی دۆخی هەرێمی كوردستانە، چونكە بەرژەوەندییەكانی خۆی بەدەست نەهاتوون.
لای خۆیەوە عەدنان ئەحمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، یەكێتی حزبێكە هەمیشە بەدوای بەرژەوەندیی حزبی بووە، لەكاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بەرژەوەندیی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتی پێش هەموو بەرژەوەندییەكانی تر خستووە، یەكێتی بەو سیاسەتە كار دەكات ئەگەر بۆ خۆم نەبێت تێكی دەدەم، یان ئەگەر چاك نەكرێت ئەتوانم تێكی بدەم، بەبێ بیركردنەوە لەوەی چی روو دەدات و چۆن خەڵك دەكەونە مەترسییەوە، لەكاتێكدا حزب دەبێت لەپێناو هاووڵاتییان كار بۆ بەرژەوەندییە گشتییەكانی بكات.
ئاماژەی كرد، سیاسەتێكی هەرزەییانە لەناو یەكێتی پێڕەو دەكرێت كە زیانی لە هەموو هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانیش داوە، بیر لە هیچ ناكەنەوە ئەوە نەبێت كە خۆیان مەبەستیانە، سیاسەتێكی چەوت، پیلانی بەردەوام، ئەقڵیەتێكی پۆپۆلیستانە، چونكە لە ناوخۆی خۆیان كێشەیان هەیە، بۆیە دەیانەوێ كێشە بۆ هەرێمیش دروست بكەن، یان چاوەكان لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان لا بدەن و خەڵك بە شتی ترەوە سەرقاڵ بكەن، رێككەوتن لەگەڵ ئەوانەی كە هیچكات كورد و كوردستانیان ناوێت، پشتكردن لە كورد، لەكاتێكدا ئەوانەی یەكێتی رێككەوتنیان لەگەڵ دەكات كار بۆ تێكدانی هەرێم و لاوازكردنی قەوارەی هەرێم دەكەن.
پێوەست بە باسەكە نەژاد مەحموود، رۆشنبیر بۆ "وشە" ئاماژەی دەكات، ئەم شێوازە كاركردنەی یەكێتی بەتەواوی دۆخێكی خراپی لەناو هەرێم دروست كردووە، بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، لەكوێ بەرژەوەندییان نەما كار بۆ تێكدانی دەكەن، ئاخر ناكرێ حزبێك هەر بەرژەوەندی خۆی بوێت.
دووپاتی كردەوە، حزب دەبێت خزمەتكاری خەڵك بێت و كار بۆ خزمەتكردنی خەڵك بكات و بەدوای بەرژەوەندیی گشتییەوە بێت، كار بۆ ئەوە بكات ناوچەكە رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە و بەرانبەر هەر پیلانێكی نەیاران بوەستێتەوە، لە پڕۆژەیاسای بەغدا لەگەڵ فراكسیۆنە عەرەبییەكان رێك كەوت و فێڵیشیان لێ كرا، لە ئەنجوومەنی خۆجێی نەینەوا، لە كەركووكیش هەمان شت دووبارە دەكاتەوە.
وشە/ تایبەت