"ئەوەی بەغدا دەیكات نایاساییە و یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران"

:: PM:09:31:04/08/2024 ‌

لەكاتێكدا پێشتر بەغدا دەیگوت پێویستە هەرێمی كوردستان لیستی مووچە زووتر رەوانە بكات بۆ ئەوەی پارەی مووچەی فەرمانبەران زووتر رەوانەی هەرێم بكرێت، دەركەوت ئەوە تەنیا قسەیە و بیانووی بەغدا بۆ دواخستنی رەوانەكردنی پارە بەردەوامە، چونكە دوو هەفتەیە هەرێم لیستی مووچەی ناردووە و تا ئێستە بەغدا پارەی رەوانە نەكردوو، پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان دووپاتی كردەوە كە ئەوەی بەغدا دەیكات نایاساییە و یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران.

ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەغدا لە دواخستنی رەوانەكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامە و هەر جارە و بە بیانووێك مووچەی دوا خستووە، ئەوەشی دەیكات بۆ گوشاركردنە لەسەر هەرێم، چونكە بڕیاری دادگەی فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی مووچە دوا نەكەوێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی بەغدا بەو جۆرەیە كە گوشار لە هەرێم بكا و بۆ ئەوەش مووچەی فەرمانبەران وەك ئامرازێك بەكار دێنێت.

لەوبارەوە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە ساڵێكە بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دوا خستووە، گوشارەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە و دەیەوێ لەو رێیەوە ناڕەزایەتیی ناوخۆیی بەرانبەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات.

زیاتر گوتی، ئەوەی بەغدا دەیكات یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران و بەسیاسیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەرانبەر گوشاركردن بۆ سەر حكوومەتی هەرێم، بۆیە هەموو كات مووچەی دوا خستووە، ئەم مانگەش دەركەوت بەغدا راست ناكات كە دەڵێت زووتر لیست بنێرن، چونكە دوو هەفتەیە هەرێم لیستی ناردووە و تا ئێستە بەغدا پارەی نەناردووە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشووە دووپاتی كردەوە، ئەوەی بەغدا دەیكات سەرپێچیكردن و نایاساییە، یەك ساڵە بە ‌بیانووی جۆراوجۆرەوە مووچەی فەرمانبەران دوا دەخات، هەموو مانگێگ هەفتەیەك بۆ 10 رۆژ مووچە دوا دەخات، بەردەوامیش شاندی حكوومەتی هەرێم چووەتە بەغدا و روونكردنەوەی بە حكوومەتی فیدراڵی و لایەنی پێوەندیدار داوە، بەڵام جارێك داوای لیستی مووچە بە سیدی و جارێكیش داوای كاغەز و هەر جارەی داوای شتێك دەكەن، لە سێ مانگی رابردووش كێشەیان بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان دروست كرد و دوو مووچەیان دوا خست، كێشەكە پابەندنەبوونی بەغدایە بەو رێككەوتنانەی كە دەكرێت.

"چونكە یاسای بودجە لەژێر دەستی بەغدایە و پێشتر لە پەرلەمانەوە ئەو یاسایە دەرچووە، پێویستە جێبەجێ بكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەوەی بۆی دیاری كراوە و داوای لێ كراوە رادەستی بەغدای كردووە كە لیستی مووچەیە، لەگەڵ پابەندییەكانی تر، تا ئێستە مووچەی مانگی حەوتی نەناردووە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات بەئاشكرا ستەمە"، محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی وای گوت.

لای خۆیەوە هێمن سەعید، شارەزای یاسا بە "وشە"ی گوت، پێشتر بەغدا بۆ ئەوەی وا نیشانی بدات كە دەیەوێ لەكاتی خۆی مووچە دابەش بكات و ئەو هۆكاری دواخستنی نییە، داوای لە وەزارەتی دارایی دەكرد بۆ ئەوەی زووتر لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرن، بەڵام ئەم مانگە هەرێم زۆر زووتر لیستی مووچەی نارد، ئەمەش بۆ ئەوە بوو كە بزانرێت بەغدا راستگۆیە یان نا، بەڵام ئەوەتا ئەوەشیان راست دەرنەچوو.

زیاتر گوتی، بەغدا هەر بەو سیاسەتەی خۆی كار دەكات ئەویش دواخستنی مووچەیە و دەیەوێ هەمووكات فەرمانبەرانی هەرێم چاویان لەدەستی بێت و كەی خۆی پێی خۆش بوو پارە بنێرێت، بەغدا نادادپەروەری لە‌نێوان هاووڵاتییانی عێراق و هەرێم دەكات، بە‌ئاشكرا دژایەتیی هەرێم دەكات، ئەگینا هیچ بیانوویەكی لەبەردەستدا نییە و بەویستی خۆی مووچەی دوا خستووە و تەنیا دەیەوێ خۆی بسەپێنێت.
 
پێوەست بەو بابەتە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا تەنیا دەیەوێ ئەوە نیشانی خەڵك بدات كە دەسەڵاتی هەیە و بەدڵی خۆی مووچە دوا دەخات، ئاخر ئەمە ئەو بەغدایە بوو كە زۆرێك لە پەرلەمانتار و فراكسیۆنەكانی بەغدا و حزبەكانیش داوایان دەكرد و دەیانگوت با مووچە بچێتەوە سەر بەغدا، ئێستەش نە رێككەوتن و نە یاسای بودجە و نە دادگای فیدراڵی و نە لیستی مووچە هیچ شتێك سوودی نییە، ئەوان یەك بیركردنەوە و سیاسەتیان بەرانبەر بە هەرێم هەیە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل