ئێران چاوەڕوانی چی دەكات؟

:: PM:07:34:05/08/2024 ‌

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئێران و گرووپە چەكدارە شیعەكانە بۆ ئیسرائیل، لەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل و كوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەركردەی حەماس لە تاران و فوئاد شوكر، دووەم كەسی ناو حزبوڵای لبنانی لە بەیرووت، تاران و میلیشیاكانی بەڵێنی وەڵامدانەوەیەكی بەهێزی تەلئەبیبیان داوە، هاوكات ئێران لەناو تێكەڵێك لە ترس و دوودڵی و كوشتنی كات و شەڕی دەروونی لەگەڵ ئیسرائیل، تا ئێستە وەڵامی ئیسرائیلی نەداوەتەوە، بەڵام ئێران چاوەڕوانی چی دەكات؟

بەگشتی شارەزایان چەند بۆچوونێكیان لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی وەڵامدانەوەی ئێران هەیە، یەكێك لەوانە باسی دەكات كە هەوڵێك هەیە بۆ سنوورداركردنی هێرشەكە و كردنی بە وەڵامدانەوەیەكی شێوەیی و نمایش، وەك ئەوەی لە مانگی نیسانی رابردوو دوای وێرانكردنی تەلارێكی سەر بە كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق و كوژرانی ژمارەیەك فەرماندەی باڵای ئێران بینیمان، یەكێكی تر دەڵێت ئێران بەنهێنی خەریكی هاوئاهەنگی و راوێژە لەگەڵ رووسیا و چین بەر لە هێرشەكەی. 

مۆشێ ئیلعاد، شارەزای سەربازی و ستراتیجیی ئیسرائیلی دەڵێت، ئێران لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دوودڵە، چونكە باش دەزانێت دوای هێرشەكە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیل چی دەبێت و دەیەوێ خۆی لێ لابدات، ئەگەر ئێران و میلیشیاكانی هێرش بكەن، بە هێزێكی گەورە هێرش دەكەن، ئیسرائیل بە هاوكاریی ئەمەریكا و ئەوروپا و وڵاتانی ناوچەكە وەڵامیان دەدەنەوە، واتە كار و كاردانەوە دەبێت، ئەوەش وا دەكات ئێران و میلیشیاكانی لە هێرشەكەیان پەشیمان ببنەوە. 

سەعد شاوردی، شارەزای سەربازیی ئێرانی دەڵێت، هۆكاری دواكەوتنی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ دوودڵی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا و وەڵامدانەوەیەكی شێوەیی نییە، چونكە كات لە بەرژەوەندیی ئێرانە و وەڵامدانەوەكەی لە شوێن و كاتی گونجاو دێت، تاران دەیەوێ بەپێی بەرژەوەندی و پلانە سەربازییەكانی یاری بە فاكتەری كات بكات، بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە كە هەموو ئامانجەكانی دەپێكێت و زیانێكی گەورە بە ئیسرائل دەگەیەنێت.  

فادی عید، توێژەر لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت، وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل دوا نەكەوتووە، بەڵام تاران لەبەردەم كێشەیەكی گەورەدایە پێوەست بە شێوازی وەڵامدانەوەی، چونكە حسێب بۆ دژەوەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەكات، چەندان بنكەی سەربازیی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە ناوچەكە هەن و دەتوانن لەوێوە وەڵامی هێرشەكەی ئێران بدەنەوە، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە بۆ تاران.

روونی كردەوە، ئەگەر ئێران لاف بەوە لێ بدات كە دەتوانێت لە رێگەی حزبوڵاوە لەسەر سنوورەكان رووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە، ئیسرائیل و ئەمەریكا دەتوانن لە نزیك ئێران رووبەڕووی ببنەوە، كاتێك زیاتر لە 15 بنكەی سەربازییان لە ناوچەكە هەیە، كە نوێترین چەك و سیستمی بەرگریی ئاسمانی تیادایە، جیا لە بوونی دەیان كەشتیی سەربازیی ئەمەریكا و هاتنی زیاتریش لەماوەی دواییدا. 

عید ئاماژەی كرد، ئێران بە چوونە ناو شەڕێكی فرەوان خۆی دەخاتە مەترسییەوە، نەك تەنیا لەدژی ئیسرائیل، بەڵكو بەرانبەر تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە وەك مانگی نیسانی پێشوو، هاوپەیمانیەتێك لە وڵاتانی ناوچەكە پێك هاتووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی ئێران، واتە ئەگەری خستنەخوارەوەی درۆن و مووشەكەكانی ئێران بەرەو ئیسرائیل هەیە، جیا لەوە خەنجەرێكی ئامادەكراو لەنزیك ئێران هەیە و ئیسرائیل بەئاسانی دەتوانێت لێی بوشێنێت، ئەویش بوونی سەربازیی و هەواڵگریی ئیسرائیلە لە ئازەربایجانی هاوسنوور لەگەڵ ئێران.

ئەحمەد عەتا، توێژەر لە كۆڕبەندی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لەندەن دەڵێت، ئێستە ئێران و هاوپەیمانەكانی لە بەرەی بەرگریكاری لەكێشەدان، دواكەوتنی وەڵامدانەوەی ئێرانیش بەهۆی ئەوەیە كە ئەو وڵاتە و هاوپەیمانەكانی لە حاڵەتێكی شێوان و ناهاوسەنگیدان، ئێستە ناتوانن وەڵامدانەوەیەكی بەهێز و خێرایان هەبێت، بەڵام ئەگەر وەڵام بدەنەوە تەنیا هێرشی شێوەیی نابێت، بۆیە ئێستە خەریكی هاوئاهەنگیی نهێنین لەگەڵ رووسیا و چین بۆ پاڵپشتیكردنی لۆجیستییان لەكاتی جموجۆڵكردن بۆ وەڵامدانەوە.

لەوكاتەی ئەمڕۆ دووشەم سێرگی شویگۆ، سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی تەناهیی رووسیا گەیشتە تاران بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران، لەوانە مەسعوود پزیشكیان، سەرۆكی ئەو وڵاتە، عەتا دووپاتی كردەوە ئێران بەنیازە هێرشێكی كتوپڕ و توند و بەكاردانەوە بكاتە سەر ئیسرائیل، ئەوەش لە رێگەی چەند بەرەیەك، راستەوخۆ لەلایەن خۆیەوە و لەلایەن هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە، ئەگەری هەیە ئێران سوود لە میلیشیاكانی ببینێت بۆ كردنەئامانجی ناوەوەی ئیسرائیل لە رێگەی كاری خۆكوژییەوە، جیا لە هێرشی راستەوخۆ، ئەوەش بە مەبەستی شەرمەزاركردنی حكوومەتی بنیامین نەتنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل