"ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان لاواز بكات و بۆ ئەوەش مووچە بەكار دێنێت"

:: PM:10:00:05/08/2024 ‌

لەوەتەی بەغدا مووچە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، هەر جارە و بە بیانوویەك ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی دوا خستووە، ئەوەش دەری دەخات كە ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان بە مووچەوە سەرقاڵ بكات، لەكاتێكدا هەردوو حكوومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ  چەند رێككەوتنێكیان كردووە و بەغداش چەند جارێك بڕیاری كۆتاهێنانی كێشەی مووچەی داوە، بەڵام پێوەی پابەند نەبووە.

پیچوەست بەو بابەتە حەسەن مارف، مامۆستا بە "وشە"ی گوت، مانگ لەدوای مانگ بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دوا دەخات و هەر مانگێك بە بیانووی جۆراوجۆر، تا ئێستە بەغدا خۆشی شتێكی لەبەردەست نییە كە بۆچی مووچە دوا دەخات و هۆكارەكەی چییە؟، دوایین جار بڕیاریان دا مووچە دوا نەخەن، دادگای فیدراڵیش هەمان بڕیاری دا، بەڵام دواخستنی ناردنی مووچە لەلایەن بەغدا بەردەوامە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات بەتەواوی مامەڵەیەكی خراپە و بەشێكیشی بۆ ئەو گرووپ و لایەن و پەرلەمانتارانە دەگەڕێتەوە كە دەیانگوت بەغدا باشترە ‌و با ئەوان مووچەمان بدەنێ.

روونی كردەوە، بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، نەك هەر مووچە، كە چەند مانگێكە كێشە بۆ هەرێم و فەرمانبەران دروست كراوە، دەیەوێ بە چەندین بڕیاری دژ كە پێچەوانەی یاسایە هەرێمی كوردستان لاواز بكات و بیخاتەوە سەر عێراق، ئامانجی بەغدا ئەوەیە هەرێمی كوردستان لاواز بكات و بۆ ئەوەش مووچە بەكار دێنێت، لیستمان بۆ بنێرن، جارێك با كاغەز و جارێك سیدی، زوو بۆمانی بنێرن با زوو مووچە بنێرین، هیچی ئەمانە راست نەبوون، بەغدا تەنیا دواخستن دەزانێت، لەكاتێكدا ئەوە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە و بەغدا بە سیاسی كردووە و پابەندی رێككەوتنەكان و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیش نابێت.

لای خۆیەوە ئازاد ئەكرەم، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا دەیەوێ هەموو مانگێك حكوومەتی كوردستان بە مووچە سەرقاڵ بكات، لەوكاتەی مووچە مافێكی زۆر بچووكی خەڵكی كوردستانە، بەڵام بەغدا وا دەكات كە رێككەوتنەكان جێگەی متمانە نەبن و خەڵكی كوردستان هەموو مانگ سەرقاڵی مووچە بن، هەڵوێستی حكوومەتی كوردستان بەرانبەر بە هاووڵاتییان لاواز بێت، ئەوان بڵێن حكوومەتی هەرێمە ناتوانێت مووچە بدات و وا بیر بكەنەوە دەبێت هەرێم رادەستی بەغدا بێت، بۆیە ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەكات.

ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی، بەغدا لەو دوو ساڵەی دوایی زۆر بڕیاری دژی هەرێمی كوردستان داوە، بۆ ئەوەش پەنای بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بردووە، هەموو ئامانجەكەشی ئەوەیە حكوومەتی هەرێم لاواز بكات و گوشاری لێ بكات و بڕیارەكانی خۆی بەسەر هەرێم بسەپێنێت.

سەبارەت بەو هەڵوێستەی بەغدا محەمەد یووسف، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەوەی لە رابردوو حكوومەتی هەرێم كردی، هۆكارەكەی ئەو ئابوورییە سەربەخۆیە بوو كە داهاتەكە لای خۆی بوو، مووچەی دەدا و لانی كەم كاتی دابەشكردنی مووچە دیار بوو، بەڵام ئێستە بەناوی یاسای بودجە و چەندین رێككەوتن كراوە، بەڵام بەغدا هەموو مانگێك مووچە دوا دەخات، فەرمانبەرانی هەرێم بۆخۆی بەكار دێنێت، مووچەی فەرمانبەران كراوە بە بابەتێكی سیاسی لەلای بەغدا و بە تەواوی ستەم دەكات، وای لێ هاتووە تا ئێستە فەرمانبەر بەهۆی بەغداوە كاتی دابەشكردنی مووچەی خۆی نازانێت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل