"با پەرلەمانتارانی یەكێتی لەبری قووڵكردنەوەی كێشەكان داكۆكی لە فەرمانبەرانی هەرێم بكەن"

:: PM:09:30:07/08/2024 ‌

پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا دەستیان كردووە بە لێدوانی دژ لەبارەی نەناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە، باس لە بوونی هێزی نایاسایی  و ناوی دووبارە دەكەن، لەكاتێكدا لەماوەی مانگانەكانی رابردوو كێشەكە یەكەی 70ی سەر بە یەكێتی بوو كە كێشەی بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان دروست كرد و بەو هۆیەوە دوو مانگ مووچەیان دواكەوت، دواتر بە هەوڵی سەرۆكی حكوومەت كێشەكە چارەسەر كرا.

پێشتر "وشە" ئەوەی بڵاو كردەوە كە بەهۆی ئەوەی خانەنشینانی یەكەی 70 هیچ داتا و زانیاری و دۆسیەیەكیان لە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێركاری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی و ئابووری نەبووە، مانگی پێشوو كێشە لە مووچەكانیان دروست بوو، ئەوەش كێشەی بۆ مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست كرد، واتە لەكاتێكدایە كە پەرلەمانتارانی یەكێتی باس لە بوونی كێشە دەكەن، دەركەوتووە كێشەكە یەكەی 70ی سەر بەو حزبەیە، كە پێشتر رای گەیاندبوو هیچ كێشەیەك لە لیستی مووچەی ئەواندا نییە.

لەوبارەوە ئیدریس ئیسماعیل، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كێشەی لیستی مووچە لە هێزە تەناهییەكان روونە، مانگی رابردوو یەكەی 70 ئەو كێشەی دروست كرد، بۆیە باشترە پەرلەمانتارانی یەكێتی هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بدەن، كە دیارە ئاگەداری ئەوە نین یەكەی 70 كێشەی دروست كردووە، ئەوان لە بەغدان و پێویستە داكۆكی لە ماف و قووتی فەرمانبەرانی هەرێم بكەن و واز لە هەندێك شت بێنن كە خزمەت بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ناكات.

روونی كردەوە، زیاتر لە دوو هەفتەیە هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی ناردووە و تا ئێستە بەغدا مووچەی مانگی حەوتی نەناردووە، كەچی ئەوان لەبری هەڵوێستی رژد باس لە شتێك دەكەن كە لەو كاتەدا هیچ خزمەتێك ناكات و كێشەكە قوڵتر دەكاتەوە، بەڵام با باش بزانن ئەوە ئەو بەغدایەیە كە ئەوان داوایان دەكرد و لە پڕۆژەیاسای بودجە داوایان كرد مووچە بخرێتەوە سەر بەغدا.

پێشتر خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاندبوو، مووچەی هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە وردبینیی تێدا دەكرێت، دووپاتی كردەوە، بەشێكی چارەسەر كراوە و هەوڵی چارەسەركردنی تەواوەتی دەدرێت.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، جگە لە پەرلەمانتارانی پارتی، ئەندامانی تری فراكسیۆنە كوردییەكان ئاراستەیەكی خراپیان وەرگرتووە، لە بەغدا لەبری ئەوەی بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەن و هەڵوێستی توندیان بەرانبەر ئەو كارەی بەغدا هەبێت كە زیاتر لە ساڵێكە بەرانبەر هەرێم دەیكات، هاتوون لەوێ دژی حكوومەتی هەرێم لێدوان دەدەن و دەیانەوێ خەڵك چەواشە بكەن، ئەگەر بەغدا دڵخوازی ئەو پەرلەمانتارانە بوو، بەتایبەت یەكێتی كە دەیانگوت مووچە بچێتە سەر بەغدا.

جێگەی باسە، لەماوەی رابردوو پەرلەمانتارانی یەكێتی هەموو دژایەتییەكیان بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و نەیاریی حكوومەتی هەرێم دەكەن، هیچ هەڵوێستێكیان لەدژی ستەمەكانی بەغدا بەرانبەر بە فەرمانبەرانی هەرێم نییە، لەكاتێكدا هەر خۆیان بوون بە دەستتێكەڵكردن لەگەڵ شیعە مووچەیان خستەوە سەر بەغدا و دەیانگوت بەغدا چیتر مووچە دوا ناخات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت