هەر لە سەرەتای كابینەكەیدا و لەناو پەرلەمانەوە مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە كرد، ژینگەی كوردستان گەورەترین سەرمایەی هەرێمەكەمانە و كار دەكەین بۆ پاراستنی ژینگە و پەرەپێدان بە كولتووری ژینگەپارێزی.
لە رۆژی 10ی تەمووزی 2019 مەسروور بارزانی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، بابەتی ژینگە لە خاڵی دەیەمی كارنامەی حكوومەتەكەدا بەڕوونی باسی لێوە كرد و ئاماژەی بەوە كرد، ژینگەی كوردستان سەرمایەی یەكەمی نەتەوەكەمانە.
لەناو پەرلەمانەوە سەرۆك وەزیران باسی لەوە كرد، لەم كابینەیەدا كار دەكەین بۆ خاوێنكردنەوەی ژینگەی كوردستان، كار بۆ بەگەڕخستنی سیستمێكی پێشكەوتوو ریسایكلینی زبڵ و خاشاك دەكەین.
لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر 15% بوو، بەڵام بەهەوڵی ئەم كابینەیە ئێستە زیاترە لە 20%.
بەمەبەستی پاكڕاگرتنی ژینگەی كوردستان بەتایبەت هەولێر، ژمارەی ڕێنوێنیی گرنگ بۆ كارپێكردنی موەلیدەی گەڕەكەكان و وێستگە و پاڵاوگەكان و ئۆتۆمبێلی سەرشەقامەكان دەركران، حكوومەت دوای ئەو رێنوێنییانە دەستی كرد بەداخستنی ئەو پاڵاوگانەی زیانی زۆریان لە ژینگەی شارەكە دەدا.
پارێزگاری هەولێریش بەپاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، گوێ بەزیانی مادیی كەس نادەین، تەنیا بایەخ بەژینگە و تەندروستی گشتی دەدەین.
هەر لەو بڕیار و رێنوێنییانەدا هاتووە، دەبێت موەلیدەكان گازی كوالێتی بەرز بەكار بێنن بۆ ئەوەی چیتر دووكەڵی پیس نەكەنە ناو هەوای هەولێرەوە، هاوكات دەبێت دەنگی موەلیدەكانیش كەم بكرێتەوە.
دكتۆر بەختیار عەبدوڵا مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجی زانكۆی كۆیە، لەبارەی ئەو بابەتە ڕای گەیاند، بابەتی ژینگە هێندە هەستیار و لەسەرخۆیە، تا نەكەویتە ناو مەترسییەكە وەك ئەوەی كە ئێستە هەیە، دركی پێ ناكەین.
د. بەختیار باسی لەوە كرد، تا ساڵی 2010 كێشە ژینگەییەكان زۆر كەم بوون، ڕێ لە زۆر هۆكارەكانی دەگیران كە كاریگەرییان لەسەر تێكچوونی ژینگە هەبوو، ئێستە چونكە هۆكارەكان زۆر خێران، دەتوانم بڵێم شۆڕشێكی پیشەسازی كە لە ناوچەكە سەریهەڵداوە، كاریگەرییەكانی بەدیار دەكەوێت لە پیسكردنی خاك و ئاوهەوا، ئەوەی زۆر دیارە و لەبەرچاوە، پیسكردنی هەوایە و بووەتە گفتوگۆیەكی گەرمی هاووڵاتییان.
دكتۆر بەختیار عەبدوڵا ئەوەشی گوت، بوونی ژمارەیەكی زۆر پاڵاوگە، ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبێل و موەلیدەكانی كارەبا، هۆكارن بۆ پیسبوونی هەوا، هەروەها ئەگەر سەیری تۆپۆگرافی هەولێر بكەین بەراورد بە شارەكانی تر، دەبینین شوێنەكەی تەخت و نزمە، چیا و گردی لێ دوورە، ئەمەش وایكردووە هەواگۆڕكێی كەم بێت، مادەكانیش قورسن و دەمێننەوە، بۆیە بە بەردەوامی هەست دەكەیت هەواكە پاك نییە.
لەبارەی ئەو مادە ترسناكانەی كە لە ئەنجامی پاشماوەی پاڵاوگە و ئۆتۆمبێل و موەلیدەكان دەردەچن، دكتۆر بەختیار عەبدوڵا گوتی، لە بەشێك لەو ناوچانەی پاڵاوگەكانی تێدایە، كۆلێژی كشتوكاڵ چووە گەنمی هێناوە بۆ پشكنین، بەڵام نەیانتوانیوە بیهاڕن بۆ ئارد، كاتێك پێكهاتەكانیان تێست كردووە، دەرچووە ئەو پێكهاتە نەبووە كە لە گەنمی ئاساییدا هەیە، هەموو گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانكارییە بەهۆی پسیبوونی خاك و ئەو پاشماوەی ئەو پاڵاوگە و كارگە و ئۆتۆمبێل و موەلیدانەیە.
لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، زیاتر لە پێنج هەزار پرۆژە مۆڵەتی لە دەستەی ژینگە وەرگرتووە و دەستەكەش ڕێنماییان دەركردووە هەر پرۆژەیەك دەبێت، چەند هەلی كارێك بدا بەپسپۆرانی ژینگەی تا لەناو پرۆژە ڕێ لە پیسبوونی ژینگە بگیرێت.
عەبدولرەحمان سدیق سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، رێنمایی ژمارە یەكی ساڵی 2022یان دەركردووە، بۆ دامەزراندنی دەرچوانی بەشی ژینگە و رەخساندنی هەلی كار بۆیان، دەسەڵاتیشیان دابەزاندووە بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان، تا ئەوكارانە لەخزمەتی ژینگەدا بكەن.
دەستەی ژینگە لەكابینەی نۆدا لە دەركردنی رێنمایی تایبەت بە ڕاوكردن، پاراستن وچاككردنی هەوا، سەربڕخانەكان، ئاگاداركردنەوەی پڕۆژە سەرپێچی كارەكان، قەرەبووكردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییان، چاودێری ژینگەیی بۆ پڕۆژەكان بەردەوام كاری كردووە.
ئەو پرۆژانەش كە دەستەكە لەم كابینەیەدا رەزامەندی لەسەر داون ژمارەیان پێنج هەزار و 226 پرۆژەیە و زیاتر لە چوار هەزار و 624 چالاكی هۆشیاركردنەوە ئەنجامدراوە.