بۆچی دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ناكرێت؟

:: PM:05:55:08/08/2024 ‌
 
16 مانگ بەسەر وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و تا ئێستە حكوومەتی عێراق دەستی دەستی بە پرسەكە دەكات، بەناوی بەردەوامیی هەوڵ و گفتوگۆكان بابەتەكە دوا دەخات، شارەزایان پێیان وایە ئەو وەستانە هەلێكی باش بوو بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دۆسیەی نەوتی هەرێم بخاتەوە ژێر دەستی خۆی و ئابووریی سەربەخۆی هەرێم نەهێڵێت، تەنانەت هێشتا لە رێگەی مووچەوە سزای هەرێم دەدات بۆ ئەوەی دۆسیەكە بەو شێوەیە بچەسپێنێت كە خۆی دەیەوێت. 

لە 25ی ئاداری 2023 لەسەر داوایەكی یاسایی حكوومەتی عێراق، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاری وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی لە رێگەی بەندەری جەیهان و غەرامەكردنی توركیا بە بڕی 1.5 ملیار دۆلار دا، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە دەكات كە لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم گەیشتوون بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ هەموو لایەنەكان، كەچی تا ئێستە وادەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتەكە دیار نییە.

باسم غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، چارەسەركردنی بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە پێوەستە بە دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمان، لەپاڵ سەركەوتنی گفتوگۆ هاوبەشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و نێودەوڵەتی.

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە دۆسیەی نەوت یەكێكە لە گەورەترین دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هەردوولا كە بووەتە تەنگژە و چارەسەری نییە، توركیا و هەرێم پابەندییان لەسەرە و هێشتا رێككەوتن لەبارەی جێبەجێكردنی بڕیارەكان نەكراوە، بەگشتی ئێستە عێراق پشكی دیاریكراوی خۆی لە هەناردنی نەوت لە ئۆپێك پڕ كردووەتەوە و بەرهەمی زیادیشی هەیە.

د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دووپات لەوە دەكاتەوە كە رەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە وەزارەتی نەوت ئامادە كراوە، بەڵام تا ئێستە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بۆیە تا ئێستە بڕگە و خاڵەكانی روون و دیار نین و رێككەوتن لەسەر ناوەڕۆكیان لەنێوان حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان نەكراوە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەو رەشنووسەی ئێستەی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەڵام تەواو نەكراوە و هێشتا پێویستی بە سازان و رێككەوتن هەیە، بۆیە پێویستە بابەتە تەكنیكییەكانی تاوتوێ بكرێت بۆ گەیشتن بە رەشنووسێك كە خواستەكانی بەغدا و هەولێر و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان بەدی بێنێت، بۆیە زەحمەتە لەو خولەی ئێستەی پەرلەمان یاساكە تێپەڕ بكرێت و ئەگەری زۆرە بۆ خولەكانی تری پەرلەمان دوا بخرێت.

سوبحی ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان بەبەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەربڕیوە و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لەكاتی رێككەوتنی نەوت لەگەڵ بەغدا لە نیسانی ساڵی رابردوو راشكاوانە رای گەیاند كە فەرموون با بەشەفافیەت كار بكەین، بەداخەوە دیارە بابەتێكی سیاسی لەپشت ئەمەوە هەیە، كە رەهەندی یاسایی و تەكنیكیشی هاتووەتە سەر.

"عێراق ئەو دۆخەی ئێستەی قبووڵە، هۆكارەكەشی لە رووی سیاسییەوە هەرێمی كوردستان كێشەی هەبووە لە بابەتی ئابووریی سەربەخۆ و كێشەی تریش، بۆچی عێراق زۆر باكی بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان نییە؟، چونكە ئەو قەرەبووی نەوتی هەرێمی لە بەسرە كردووەتەوە، تێچووی دەرهێنانی نەوتی بەسرە و كرێی گواستنەوەی هەرزانترە، حكوومەتی عێراق ئامادە نییە فرۆشتنی نەوتی بەسرە كەم بكاتەوە، ئەوانە وایان كردووە بەغدا دەستی دەستی بە بابەتی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكات"، ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق وای گوت. 

شارەزایان پێیان وایە وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەست پێكردنەوەی هەناردنی پێوەستە بە رەهەندی سیاسی و یاسایی و ئیداری و تەكنیكییەوە، بەگشتی عێراق دەیەوێ ئابووریی سەربەخۆی هەرێم نەهیڵێت و فرۆشتنی نەوت و گرێبەستی كۆمپانیاكان بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، ئەگەرچی ماوە ماوە رای دەگەیەنێت كە لەگەڵ توركیا و هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان لەگفتوگۆدایە.

دوێنێ نەهرۆ مەحموود، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد كە هێشتا بەربەست لەبەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەیە، هەندێك لایەنی سیاسی و كەسی ناو وەزارەتی نەوتی عێراق لەبەر چەند هۆكارێك لەو بابەتە رژد نین. 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لەوەتەی هەناردنی نەوتی هەرێم وەستاوە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پارێزگاریكردن لە ئاستی دیاریكراوی ئۆپێك بۆ هەناردن لە باشووری عێراق قەرەبووی هەناردنی نەوتی هەرێم دەكاتەوە كە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، چونكە بەپێی ئەو پشەكەی ئۆپێك بۆ عێراقی دیاری كردووە رۆژانە دەتوانێت سێ ملیۆن 500 هەزار نەوت هەناردە بكات.

مەحموود دووپاتی كردەوە، ئەو كەمبوونەوەی بەهۆی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم دروست بووە لە باشوور قەرەبوو كراوەتەوە، بۆیە لە حاڵەتی رێككەوتنی هەردوو حكوومەتی هەرێم و فیدراڵی لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم، پێویستە بەغدا هەناردنی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە باشوور كەم بكاتەوە بۆ هەناردنی نەوتی هەرێم. 

جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق دووپاتی لەوە كردەوە كە تا ئێستە هەردوو حكوومەت نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی چەند بابەتێكەوە، لەوانە دیاریكردنی تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لەلایەن كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان لە هەرێم، كە ئەوەش كێشەیەكی ترە لەبەردەم دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل