رۆڵی ئێران لە دیاریكردنی یەحیا سنوار چی بوو؟

:: PM:07:18:08/08/2024 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئیسرائیل ئیسماعیل هەنییە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران كوشت، بزووتنەوەكە یەحیا سنواری، بەرپرسی حەماسی لە كەرتی غەزە خستە شوێنی هەنییە، بەرپرسانی حەماس دەڵێن ئەوە باشترین وەڵام بوو بۆ ئیسرائیل، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئێران رۆڵی لە دانانی سنوار هەبووە.

رائید نەجم، شارەزای سیاسی دەڵێت، دوای رووداوەكانی چەند مانگی رابردوو یەحیا سنوار بووە خاوەن پێگەیەكی سەربازی و سیاسی كە نەتوانرێت فەرامۆش بكرێت، بۆیە هەر بازدانێك لەلایەن سەركردەكانی بزووتنەوەی حەماس بەسەریدا وەك سزادانی بەهۆی هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی سەر ئیسرائیل دەخوێندرایەوە، ئەو هێرشەی خۆی تاكە بڕیاردەری بوو. 

زیاتر گوتی، لە هەڵبژاردنی سنواردا قورسایی بەرەی ئێران لەناو حەماس دەركەوت، بەتایبەتی بەهۆی پێوەندیی بەهێزی سنوار و ئێران، دەركەوت حەماس وا بیر دەكاتەوە لەو قۆناغە سەخەتەیدا پێویستی بەوەیە لە ئێران نزیك ببێتەوە، كە لە رووی سەربازی و داراییەوە پاڵپشتیكاری یەكەمی باڵە سەربازیەكەیەتی، جیا لەوە میلیشیاكانی ئێران گەرمتر دێنە هانای و بەرەكانی شەڕ لە لبنان و یەمەن دەكەنەوە.

لای خۆیەوە سامی شاهین، توێژەر دەڵێت، سنوار خۆی بەسەر مەكتەبی سیاسیی حەماس سەپاند بۆ ئەوەی هەموو سەرەداوەكانی یارییەكەی بەدەستەوە بێت، بەتایبەتی دوای كوژرانی زۆرینەی سەركردە سیاسی و سەربازییەكانی بزووتنەوەكە، ئەوەش وای كرد سنوار گوشار بۆ بوون بەسەركردەی حەماس بكات، بۆ لەمەودواش زیاتر لە ئێران نزیك دەبێتەوە و رەنگە ئەوە وا بكات دۆخی سەربازی باشتر بێت.

محەمەد هواش، شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، ئێران رۆڵی سەرەكی لە دانانی سنوار هەبوو، ئەوەش لەسەر بنەمای پێوەندیی بەهێزی بە دەزگە سیاسی و تەناهی و سەربازییەكانی ئێران، بۆیە ئەگەری زۆرە تاران گوشاری لە حەماس كردبێت بۆ دانانی سنوار لە شوێنی هەنییە، دەیەوێ سەركردەی حەماس زۆر لە بازنە سیاسی و سەربازییەكانی نزیك بێت، بەوەش جێبەجێكردنی ئەجینداكانی لە ناوچەكە مسۆگەر دەكات، جیا لە بەردەوامیدان بە شەڕی ناراستەوخۆ لەدژی ئیسرائیل لە رێگەی میلیشیاكانیەوە.

روونی كردەوە، سەركردایەتیی سنوار بۆ حەماس هاوپەیمانیەتیی ئەو بزووتنەوەیە لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەكان لە ناوچەكە بەهێزتر دەكات، بەوەش بزووتنەوەكە بەهاوشێوەی حزبوڵای لبنانی دەبێتە هاوپەیمانێكی ستراتیجیی ئێران بۆ شێواندنی دۆخی ئیسرائیل و مانەوەی لە ئامادەسازییەكی بەردەوامی تەناهیدا، سنوار كەسێكی نزیكە لە ئێران و كار بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكانی حەماس و تاران دوور لە عەرەب و ناوچەكە دەكات، بەڵام سیاسەتەكانی سنوار حەماس بۆ دواوە دەگەڕێنێتەوە و بەشێوەیەكی نەرێنی كار لە دۆزی فەلەستین دەكات.  

كەمال ئەستەڵ، شرۆڤەكارێكی تری سیاسی پێی وایە ئێران رۆڵی دیاری لە دانانی یەحیا سنوار لە پۆستی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس هەبوو، دووریش نییە گوشاری لەسەر حەماس كردبێت بۆ ئەو مەبەستە، سنوار تاكلایەنە بڕیاری هێرشەكەی سەر ئیسرائیلی دابوو، بۆیە لای ئێران گونجاوترینە بۆ سەركردایەتیكردنی حەماس لە ماوەی داهاتوودا، بەتایبەتی لەگەڵ توندبوونی ململانێكانی لەگەڵ ئیسرائیل پێویستی بە حەماس وەك باڵێكی سەربازی و سیاسی هەیە.

ئەو شرۆڤەكار دووپاتی كردەوە، ئێران وای دەبینێت سنوار گونجاوترین كەسە بۆ سەركرداتیەتیی حەماس لە ئێستە، بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل، مەگەر تووشی هەڵوێستێكی كتوپڕی سنوار نەبێت بۆ رێككەوتن لەسەر هێوركردنەوەی دۆخی غەزە، چونكە ئەو پێویستی بە ئاگربەستێكە بۆ رێكخستنەوەی ناوخۆی حەماس لەدوای كوژرانی ژمارەیەكی زۆری سەركردە و چەكدارانی، بۆیە ئەوە ئێران و میلیشیاكانی شۆك دەكات و رەنگە وا بكات ئەویش بگۆڕێت، چونكە سنوار كەسایەتییەكی توندی هەیە و پێشبینی بڕیارەكانی ناكرێت. 

هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەركردەكانی حەماس یەحیا سنواریان بۆ شوێنی ئیسماعیل هەنییە هەڵبژارد، دانیشتووانی كەرتی غەزە چاوێكیان لەسەر سەركەوتنی گفتوگۆكانی ئاگربەست و رێككەوتنە لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ كۆتاهاتنی ئەو نەهامەتییەی تێی كەوتوون، لەوكاتەی دانانی سنوار ئەو هیوایەیان دوور دەخاتەوە، چونكە ئەو كەسێكی توندڕۆیە هەڵوێستەكانی زیاتر سەربازین، فەلەستینییەكان پێیان وایە سنوار بیر لە دەستكەوتەكانی حەماس و كەتیبەكانی قەسام دەكاتەوە زیاتر لە بیركردنەوەی لە دۆخی ژیانی خەڵكی غەزە كە تووشی برسیەتی و ماڵوێرانی بوونە، بۆیە هەڵوێستە توندەكانی بەرانبەر بە ئیسرائیل وا دەكەن شەڕەكە بەردەوام و توندتر بێت، ئیسرائیلیش توندتر بەدوایدا بگەڕێت و بۆردمانەكانی زیاتر بكات و شەرعیەت بە كارەكانی بدات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل