کتێبی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن و سەرکەوتن دوای شکست) بەرهەمی وەرگێڕان و نووسین و ئامادەکردنی هەر دوو نووسەر و وەرگێڕ (دڵشاد کاوانی و ڕەوەند سەباح)ە کە هەردوو نووسەر بەیەكەوە کاری هاوبەشیان لەسەر کردووە و بەم نزیکانە لە چاپخانەی چوارچرای سلێمانی، بەشێوە و قەباری جیاواز دەکەوێتە بەردیدی خوێنەران و چاپ و بڵاودەبێتەوە.
دوو كتێبەكە یەكیان کتێبی بیرۆکەکانی سەرکەوتنی نووسەری گەورەی جیهانی ڕۆبن شارمایە کە نووسەرەكان کاری وەرگێڕانیان بۆ کردوە، هەروەها کتێبی سەرکەوتن دوای شکست، لە ئەزموونی پەنجا و شەش کەسییەتی سەرکەوتووی بوارە جیاوازەکانی جیهان پێكهاتووە، کە دوای شکست و هەڵدێران بە پایەکانی سەرکەوتن گەیشتوون.
کتێبی بیرۆکرکانی سەرکەتن کتێبێکی 160 لاپەڕییە لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، بریتییە لە 200 بیرۆکەی نهێنی سەرکەوتن، ئەو بیرۆکانە لە کتێب و گوتە و ئامۆژگارییەکانی شارما وەرگیراون لای نووسەران جارێکی تر بە کوردی کراون و داڕشتنەوە و ڕێکخستنی بۆ کراوە لەگەڵ ژیاننمەی نووسەر و پێشەکییەکیان لەبارەوە نووسیوە.
ئهمڕۆ ههینى 11ى ئادار، دڵشاد کاوانی نووسەر و وەرگێڕ لەم بارەوە به "وشه"ى ڕاگهیاند، لە کتێبی (بیرۆکەکانی سەرکەوتن) هەڵساین بە ئامادەکردن کۆکردنەوەی 200 بیرۆكهی بههێز بۆ ژیانێكی شاهانهیی ڕۆبن شارما. کە 200 بیرۆکەی سەرکەوتنی شارمایە کە ملیۆنان خوێنەری لە دنیا هەیە و بەرهەمەکانی زیاتر بۆ پەنجا و یەک زمان وەرگێڕدراون، ئێمەیش بەرگی کوردیمان کردووهتە بەر و لەگەڵ دۆخی تاکی کوردی سازاندوومانە و لەماوەیەكی نزیكدا دەكەوێتە دەستی خوێنەران.
هەروەها کتێبی سەرکەوتن دوای شکست کتێبێکی 120 لاپەڕەیە، لە شێوە و قەباریەکی جوان خۆی دەبینێتەوە و لەپاڵ پێشەکییەکی جوان باسی شکستی 56 ئەستێرەی بوارە جیاوازەکانی دنیا دەکات، کە ئهو كهسانه لە ژیانییان دا سەرکەتوو و لێهاتوو بوون، بەڵام هەرگیز شکستەکانیان لەبەرچاو نەگیراوە.
نووسەران لەم کتێبەدا پەنجەیان خۆستووهتە سەری چیرۆكی شکست و کەوتنی ئهو كهساییهتییه جیهانیانە كە لە ژیانینان دا بەسەریان هاتووە، بۆئەوەی ببنه ههوێنی سهركهوتنی زۆرێك لهوانهی به هۆی شكستهكان ڕووخاون و بەسەرخۆیان كەوتون و هیوا بڕاوبوون لە ژیان و لە سەركەوتنیان بێ ئومێدبوون.
لاى خۆیهوه ڕەوەند سەباح نووسەر و وەرگێڕ بۆ ئەم مەبەسەتە به "وشه"ى گوت، "ئەمە کارێکی ترى هاوبەشی ئێمەیە بە هیوای ئەوەی بەردێکمان خسبێتە سەر بناغەی بونیاد و توانای مەعریفەی تاکی کوردیی چونکە شكست و سهركهوتن دواونهی لهیهك دانهبڕاون، دەبێت بکەویت بۆ ئەوەی هەڵسیتەوە".
ئاماژهى دا، "ئەمەی ئەو کتێبانە لە کتێبەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە کە لەبارەی بواری پەرەپیدانی مرۆیی و چەمکی سەرکەوتنەوە کە نووسراون، گرنگی دانە بە زمانی شیرینی کوردی و گونجاندنیانە لەگەڵ دۆخ و گوزەرانی ژیان تاکی کورد و خوێنەرانی بوارەکە و دەرخستنی شکستەکان و گەڕاندنەوەی هیوایە بۆ هیوا لێ بڕاوەکان."
دڵشاد ڕەزاق ڕەسووڵ، لە دایکبووی ساڵی 1978ی شاری قەزوینی ئێران. یەکەم وێستگەی نووسینی لە ساڵی 1996 بە شیعر دەست پێ دەکات و لە هەمان ساڵدا یەکەم چیڕۆکی بە ناوی هەرگیز پاشگەزنابمەوە دەنووسێت. زیاتر لە 24 چیڕۆک و 100 کورتیلە چیڕۆکی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاو کردووهتەوە، چەند چیڕۆکێکی لە زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی. لە ساڵی 2020 ڕۆمانی بەڕێگاوەی چاپ کردوە. لە ساڵی 2021یش کۆمەڵە چیڕۆکی نۆبەرەی مەرگم دیت چاپ کرد. نووسەر تا ئێسته خاوەن نۆ خەڵات و حەوت بڕوانامەی ڕێزلێنانی ئەدەبییە.
ڕەوەند سەباح لە ساڵى 1977 لە دایکبووە، ساڵی 1996 بەکالۆریۆسی لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە. ئێسته قوتابی دکتۆرایە لە بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سۆران. زیاتر لە شهش کتێبی وەرگێڕاوە و بە چاپی گەیاندوون، خاوەنی گرانتی فوڵبڕایتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە بۆ فێرکردنی نایاب و پڕۆگرامی دەسکەوتەکان.