"گوڵ لە گوڵستان"‌ و "گۆزەكەی خەیام" دوو بەرهەمی نوێ بەهجەت یەحیان

:: PM:01:44:06/08/2024 ‌
هونەرمەندی دیاری كورد بەهجەت یەحیا دوو بەرهەمی نوێی بڵاو كردەوە، لەبارەی بەرهەمەكانیشیەوە دەڵێـت، هەردوو گۆرانییەكە ئاوازی خۆمن.

هونەرمەند بەهجەت یەحیا لە پێگەی فەرمی خۆی رای گەیاند، "گوڵ لە گوڵستان"‌ و "گۆزەكەی خەیام" دوو بەرهەمی نوێن و بڵاوم كردنەوە.

بەهجەت یەحیا ئەوەشی گوتووە، ئەم دوو گۆرانییەی بە دوو كلیپی نوێ بڵاوی كردوونەتەوە. هەردوو بەرهەمەكە ئاوازی بەهجەت یەحیان و كاری موزیكییان هونەرمەند ئارام سەردار ئەنجامی داون.

هونەرمەند بەهجەت یەحیا ئەوەشی باس كردووە، "گۆزەكەی خەیام" هۆنراوەكەی هی خەیامی شاعیرە و مامۆستا عەبدوڵا گۆرانی شاعیر كردوویەتی بە كوردی. ئاماژەی بەوەش داوە، گۆرانیی "گوڵ لە گوڵستان‌" هۆنراوەی بێسارانییە و لەلایەن پیرەمێردی شاعیرەوە كراوە بە زاراوەی سۆرانی.

بەهجەت یەحیا بەوە ناسراوە هەڵبژاردەی كارە هونەرییەكانی دەستەبژێرین، سەلیقەیەكی جوانی لە هەڵبژاردنی كارەكانیدا هەیە. بەهجەت ماوەی چەندان ساڵە گۆرانی لە بواری عیرفان و خۆشەویستیدا پێشكەشی هەوادارانی دەكات.



وشە - سۆران عەزیز