هونەرمەند حەمەڕەئووف كەركووكی رای گەیاند، ئێستە خەریكی كارێكی هونەری نوێیە بەناوی "بۆ حەبیبە" و ساڵی رابردووش كۆمەڵێك گۆرانیی نوێی پێشكەش كرد.
هونەرمەند حەمەرەئووف كەركووكی لە لێدوانێكیدا بۆ"وشە" گوتی، لە كۆتاییەكانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەستم بەكاری هونەری كردووە، هەر ئەو ماوانەش لە كەركووك بەشداریی چەندان كاری هونەریم كردووە.
هونەرمەند ئەوەشی گوت، لە ساڵی 1986وە گۆرانیم تۆمار كردووە و لەوكاتەوە تا ئێستە بێ دابڕان خەریكی كاری هونەریم، وەك ئاگاداریشن چەندان گۆرانیم پێشكەش كردووە.
لەبارەی ئەوەی چەندە هاوكاریی هونەرمەندانی دیار دەكرێت تا گۆرانیی نوێیان هەبێت و لە كاركردن بەردەوام بن، حەمەرەئووف كەركووكی گوتی، بەداخەوە هونەر بەهەموو بوارەكانیەوە زۆر كاڵ بووەتەوە و سپۆنسەر و هاوكاریش زۆر كەمە.
حەمەرەئووف گوتی، ئەو گۆرانییە نوێیەم د. تەها رەسووڵ سپۆنسەری كردووە و سوپاسی دەكەم كە بەردەوام هاوكاریی من و هونەرمەندانی تریشی كردووە.
لەسەر هونەرمەندانی گەنجیش گوتی، ئەو كارانەی دەیكەن كەمتر دەمێنێتەوە و لە دنیاش هەمووی وایە، ئەو گۆرانییە نوێیانە هی سەردەم و كاتێكی دیاری كراون و ناتوانن بۆ ماوەیەكی زۆر لەناو خەڵكدا بمێننەوە.
لە كۆتادا حەمەرەئووف كەركووكی گوتی، ئێمەش وەك گەنج ئەوكاتەی دەستمان پێ كرد بەگۆرانیی هونەرمەندانی بەرلە خۆمان دەستمان پێ كرد، بەڵام دواتر بەهەوڵ و ماندووبوونی خۆمان وامان كرد خاوەنی گۆرانی و ئەزموونی هونەری خۆمان بین.