یادی هونەرمەند شەماڵ سائیب دەكرێتەوە

:: AM:11:20:07/11/2016 ‌

بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ شەماڵ سائیب، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیپی مۆسیقای سلێمانی هەڵدەستێت بە رێكخستنی كۆڕێك بۆ موزیسیان عادل محەمەد كەریم.

بە گوێرەی زانیارییەكان، لەو ئێوارە كۆڕەدا عادل محەمەد هەڵدەستێت بە پێشكەشكردنی توێژینەوەیەكی هونەری لەژێر ناونیشانی (شەماڵ سائیب.. هەنگاونان بەرەو ئەفراندن و نوێگەری، ژیان و دەستپێكی هونەری، هزر، پێكهاتەی گۆرانییەكانی) ئەمە سەرباری خستنەڕووی چەند نموونەیەكی زیندوو لە گۆرانییەكانی ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە.

كۆڕەكە لە سەعات سێی پاش نیوەڕۆی سێشەم رێكەوتی هەشتی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2016 لە هۆڵی تەلاری هونەر لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت و هاتن بۆ هەمووانە.

شەماڵ سائیب، لە ساڵی 1931 لە سلێمانی لە دایك بووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی سەرەتایی لە بەغدا لە كۆلێژی مەلیك فەیسەڵ قۆناغەكانی تری خوێندنی بە زمانی ئینگلیزی تەواو كردووە، دواتریش هەر یەكە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و كۆلێژی ئاداب بەشی مێژووی هەر لە بەغدا تەواو كردووە.

چەند ساڵێك وەك مامۆستا كاری كردووە، لە ساڵی 1963 بۆ خوێندنی باڵا و بە دەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر چووەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دوای گەڕانەوەشی وەك مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی ئاداب دەستبەكار بووە، دواتریش كە زانكۆی سلێمانی گوێزراوەتەوە بۆ هەولێر، ئەویش لە زانكۆی سەڵاحەدین لە هەولێر دەستبەكار بووەتەوە.

لە رێكەوتی حەوتی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 1986 بە هۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن لە هەولێر كۆچی دوایی كردووە و لە سلێمانی نێژراوە، خاوەنی چەندان گۆرانییە و بەناوبانگترینیان ئەمانەن: شوانە هۆ شوانە، بەردە بەردە، هاتی بۆ هاتی، هەرە لەیلێ و جوان ئێمە جوانین. 






وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی