دوای تەواوبوونی سەرجەم كارەكانی، ئەمڕۆ یەكەم نمایشی فیلمی ئەكشنی سینەمایی "سڵاو پێشمەرگە" دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت لە شارەكانی كوردستان.
لەبارەی ئەو فیلمە و شوێن و كاتی نمایشكردنی پاڵەوانی لەشجوانی جیهانی ئەحمەد ڕامبۆ كە بەرهەمهێنی ئەو فیلمەیە و هاوكات چیرۆكی فیلمەكەی نووسیوە و وەك ئەكتەری سەرەكی بەشدارە تێیدا، بە"وشە"ی راگەیاند: چیرۆكێكەم لەبارەی پێشمەرگەوە نووسی و دواتر دامە سینارێست سەعید مەحموود و سیناریۆكەی نووسی، دواتر دەرهێنەر حەسەن عەلی دەرهێنانی بۆ ئەنجام دا. ئێستەیش دوای تەواوبوونی سەرجەم كارەكانی، ئەمڕۆ دووشەم یەكەم نمایشی دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی چەندان ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ لە هەولێر نمایش دەكرێ كە نمایشێكی تایبەتە بۆ تیڤییەكان و كەناڵی ڕووداو ڕاستەوخۆ دەیگوازێتەوە.
هەروەها گوتی، پاشان بەردەوام دەبێت لە نمایشكردن لە شارەكانی كوردستان، لە 24/11 نمایشەكانی لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و كەركووك و دهۆك دەست پێ دەكات. لە هەولێر لە سینەما رۆیال و لە سلێمانی لە سینەما سالم و لە كەركووك لە هۆڵی ڕۆشنبیری و لە دهۆك لە سینەما مازی نمایش دەكرێت.
ئاماژەی دا، "سڵاو پێشمەرگە" فیلمێكی سینەمایی درێژە و ماوەكەی دوو سەعاتە، زمانی سەرەكی ئەو فیلمە كوردییە و هەریەك لە زمانەكانی عەرەبی و ئینگلیزی تێدا بەكار هاتووە، زمانی عەرەبی دار و دەستەی رژێمی ڕووخاوی بەعس و زمانی ئینگلیزیش خانمە ئەكتەرێكی ئەڵمانی بەكاری دەهێنن، سوپاسی وەزارەتی ڕۆشنبیری و وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و زێرەڤانی و بەڕێوەبەڕایەتی سینەمای هەولێر و پارێزگای هەولێر دەكەین كە یارمەتیدەرمان بوون لەرووی مەعنەوییەوە.
دەرهێنەری ئەو فیلمە حەسەن عەلی بە"وشە"ی راگەیاند: كاركردن بۆ ئەو فیلمە بۆ من وەك دەرهێنەر گۆڕانكارییەكی باش بوو لە بواری سینەمادا، پێم خۆش بوو لەبارەی پێشمەرگە كار بۆ ئەو فیلمە بكەم، لەكاتێكدا قەرزاری پێشمەرگەین، هەروەها لایەنە سیاسییەكان و سینەماكارانیش كەمتەرخەم بوونە بەرامبەر ئەو خەباتەی پێشمەرگە، ئەو فیلمە لە بەرهەمهێنانی كۆمپانیای گۆلدن سپۆرت و ئەحمەد ڕامبۆیە. بەپاڵەوانیەتی پاڵەوانی لەشجوانی ئەحمەد ڕامبۆ و خانمە ئەكتەری ئەڵمانی لیۆنی زیومر و ئەكتەری بەناوبانگی عەرەبی شەمم ئەلحەسەن كاری بۆ كراوە و چەندان ئەكتەری ناوداری كوردیش بەشدارییان تێدا كردووە. لە سنووری هەولێر كاری وێنەگرتنی بۆ كراوە.
دوای نمایشكردنی لە سینەماكانی كوردستان و عێراق و وڵاتانی عەرەبی، لە وڵاتانی ئەوروپیش نمایش دەكرێت .
لینكی ترێلەری فیلمەكە
وشە/ شاخەوان شێخانی