بەهۆی خراپیی كەشوهەوا لە زۆرینەی پارێزگەكان، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێنوێنی دا بەوەی سبەی پێنجشەم بكرێتە پشووی فەرمی.
وەك لە راگەیاندنێكی ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هاتووە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رێنوێنی داوە بەوەی سبەی پێنجشەم 5ی كانوونی دووەمی 2023 پشووی فەرمی بێت، ئەوەش بەهۆی خراپیی كەشوهەوای زۆرینەی پارێزگانەوە.
بەم دواییە سادق عەتییە، پێشبینیكاری كەشوهەوا رای گەیاند، لە سێشەمەوە كەشوهەوا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، كاتێك ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی شەپۆلێكی باران و سەرماوە كە زۆرینەی شارەكان دەگرێتەوە، ئێوارەی سێشەم لە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای عێراق دەبێتە باران.
روونی كردەوە، شەوەكەی باران دەبێت و روژی چوارشەم بارانی بەخوڕ لە زۆرینەی ناوچەكان دەست پێ دەكات، بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشوور و رۆژئاوای عێراق، ئەو كەشوهەوایە تا دووشەمی هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بەپێی قسەكانی عەتییە، شەوی سێشەم و بەرەبەیانی چوارشەم لە رۆژئاوا و باشووری عێراق بارانی بەخوڕ دەبێت، رۆژی چوارشەم بەغدا و سەڵاحەدین و نەینەوا و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە، ئێوارەی چوارشەم لە هەولێر و كەركووك و دیالە باران دەبێت، رۆژانی چوارشەم و پێنجشەم پێشبینی بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكانی هەولێر و سلێمانی دەكرێت.