لە ماوەی دواییدا كەشوهەوای زستانە بەتەواوەتی بەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق زاڵ بوو، كاتێك كۆتایی هەفتەی رابردوو سەرەتای ئەم هەفتەیەش باران و بەفر دەبارێت، وەك پێشتریش دەزگەكانی كەشناسی و پێشبینیكارانی كەشناسی بڵاویان كردەوە، بەرپرسێكی شارۆكەی شنگال ئاماژە دەكات كە بۆ یەكەمجار لە وەرزی زستانی ئەمساڵ بەفر لە چیای شنگال دەبارێت.
وەك
خودێدا جۆكی، بەڕێوەبەری شارەدێی سنونی ئاماژەی كرد، ئەمڕۆ شەموو بەفرێكی زۆر لە چیای شنگال باریوە، بەتایبەتی لە ناوچەی جل میران، رێژەی ئەو بەفرەی باریوە گەیشتووەتە پێنج بۆ شەش سانتیمەتر.
ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە ماوەی وەرزی زستانی ئەمساڵدا یەكەم بەفرە لە چیای شنگال دەبارێت، لە بەرانبەردا دەسەڵاتی ناوخۆیی ناوچەكە نەوتی سپییان بەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە دابەش كردووە، ئەگەرچی ئەو بڕەی دابین كراوە بەش ناكات، بەهۆی دوورودرێژی وەرزی زستان و سەرما لە ناوچەكەدا.