خواردنەوەی شیری كەر لە هەندێك وڵاتانی دنیا شتێكی ئاساییە و ئەوان پەنیریشی لێ دروست دەكەن، جیا لەوەی دەچێتە پێكهاتەی كەرەستەكانی جوانكاری و گرنگیدان بە پێست، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە، كەسێك لە پارێزگای بەسرە شیری كەر وەك چارەسەری بۆ نەخۆشی میكرۆبی گەدە و نەخۆشی تر بە خەڵك دەفرۆشێت، خەڵكەكەش باسی سوود و چارەسەربوونیان دەكەن.
ئەگەرچی
ڤیدیۆكە زیاتر بە رێكلامێك بۆ ئەو جۆرە شیرە دەچێت، بەڵام ژمارەیەك خەڵك وەستاون و چاوەڕوانی كڕینی شیرەكە دەكەن، كە فرۆشتنی لە سعات چوار تا شەشی بەیانی دەبێت و نرخی كووپێكی پێنج هەزار دینارە، خەڵكەكە ئاماژە دەكەن كە كەسوكاریان بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و نەخۆشی تر سوودیان لێی بینیوە.
شیری كەر وەك شیری هەر ئاژەڵێكی تری شیردەرە، زۆر جار بەشێوەی تۆزی لێ دەكرێت، پێشتریش وا باس كراوە كە میسرییە كۆنەكان بەهۆی دەوڵەمەندیی بە مادە خۆراكییە پێویستەكان بەكاریان هێناوە، بەتایبەتی بۆ پێست باشە و رێژەیەكی زۆر ڤیتامینەكانی ئی و ئەی و بی1 و بی2 و بی6 و سی و دی و ئۆمێگا3 و 6 ی تیادایە، جیا لە كالسیۆم و چەوری و بەشێوەیەكی سەرەكیش لە پیشەسازی جوارنكاریدا بەكار دێت.