لە رووداوێكی نامۆی سەیردا، دوو كرێكاری مردووخانەیەك لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی قاهیرە لە میسر بڕیاریان دا بێ پرسی كەسوكارەكەی، تەرمی منداڵێك بەرانبەر 200 جونیەی میسری بفرۆشن بە كەسێك، ئەمەیش بۆ جێبەجێكردنی داوایەكی نامۆ و سەیری كەسێك كە داپیرەی كۆچی دوایی كردبوو و بەخاك دەسپێردرا.
چیڕۆكەكە بەم شێوەیە بووە، دایكێك لەگەڵ كوڕە بچووكەكەی دەچێتە نەخۆشخانەی سەلام لە قاهیرەی پایتەختی میسردا بەهۆی نەخۆشكەوتنی كوڕە بچووكەكەیەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەكەی دەگمەن بووە، پزیشكەكان پێی دەڵێن پێویستە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و چاودێری بكرێت و دایكەكەیش بە داواكاریی پزیشكەكان رازی بوو.
دوای دوو هەفتە لە مانەوەی نەخۆشخانەدا، لەو كاتەی دایكی لەوێ نەبووە، منداڵەكە گیان لە دەست دەدات و تیمی پزیشكی تەرمی منداڵەكە دەنێرن بۆ مردووخانەی نەخۆشخانەكە، بەو ئامانجەی راپۆرتی خۆیان بنووسن لەبارەی گیان لە دەستدانی و دواتریش بیدەنەوە كەسوكارەكەی، بەڵام كاتێك دایكی منداڵەكە دەگەڕێتەوە و هەواڵی گیان لە دەستدانی كوڕەكەی پێ دەڵێن، دەستبەجێ دایكەكە دەچێتە مردووخانەی نەخۆشخانەكە و دەبینێت لەوێ تەرمی منداڵەكەی نەماوە.
دوای تۆمار كردنی سكالا لەلایەن دایكەكەوە، دەردەكەوێت كە دوو كرێكاری مردووخانە تەرمی منداڵە بچووكەكەیان بە كەسێك فرۆشتووە بەرانبەر 200 جونێی میسری كە تازە داپیرەی كۆچی دوایی كردووە و لە لێكۆڵینەوەكانی پۆلیسدا ئاشكرا بووە، ئەو كەسەی تەرمی منداڵەكەی كڕیوە، بەو بڕوایە كڕیویەتی، كە ناشتنی تەرمی منداڵێ بچووك لە تەنیشت داپیرەوە دەبێتە هۆی رووناك كردنەوەی گۆڕی داپیرەیی و لە گۆڕیشدا دەبێتە هاوڕێی داپیرەی و بەهۆیەوە هەست بە تەنیایی ناكات و هاوڕێیەكی دەبێت لە گۆڕیدا.