مەترسیی تیرۆر لە ڤیەنا سێ ئاهەنگی تایلۆر سویفت رادەگرێت

:: AM:10:16:08/08/2024 ‌
دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش پلانیان هەبوو هێرش بكەنە ئاهەنگەكانی تایلۆر سویفت لە ڤیەنا و هێرشەكانیان پووچەڵ كرایەوە، بۆیە سێ ئاهەنگی تری ئەو هونەرمەندە جیهانییە هاتنە هەڵوەشانەوە.

پێگەی "ئیلاف" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی ئەوروپای وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەوەی پۆلیس توانی هێرشی داعش بۆ سەر ئاهەنگەكانی تایلۆر سویفت لە ڤیەنا پووچەڵ بكاتەوە، رێكخەرانی كۆنسێرتەكانی ئەو هونەرمەندە بڕیاریان دا سێ ئاهەنگی لە ڤیەنا هەڵبوەشێننەوە، چونكە تا ئێستەیش هەڕەشەكان بۆ ئاهەنگەكانی سویف بەردەوامن.

میدیاكانی ئەوروپا بڵاویان كردەوە، دەبوو ئەمڕۆ پێنجشەم و سبەی هەینی و رۆژی شەموویش ئاهەنگەكانی سویفت لە ڤیەنا بەردەوام بن، بەڵام لەبەرئەوەی تا ئێستە مەترسیی زۆر هەیە كردەی تیرۆریستی لە ئاهەنگەكان ئەنجام بدرێن، بۆیە بەباش زانرا ئاهەنگەكانی ئەو هونەرمەندە ئەنجام نەدرێن.

رێكخەرانی ئاهەنگەكانی سویفت لەڕێی ئیسنتاگرامەوە رایان گەیاند، لەلایەن بەرپرسانەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەگەری زۆر هەیە كردەی تیرۆریستی لە یاریگەی ئیرنست هاپل لە ڤیەنا ئەنجام بدرێت، ئەو یاریگەیە كە دەبوو ئاهەنگەكانی سویفتی تێدا ئەنجام بدرێت، بۆیە چار نەما تەنیا هەڵوەشانەوەی ئاهەنگەكان نەبێت، ئەوەیش بۆ سەلامەتیی هەمووانە.

تایلۆر سویفت كە گۆرانیبێژ و ئەكتەرێكی ناوداری ئەمەریكایە و وەك ئەستێرەیەك هەژمار دەكرێت، لە ساڵی 1989 لە دایك بووە و بە ستایلی "پۆپ"ی لادێی دەناسرێتەوە. تا ئێستە 10 ئەلبوومی گۆرانیی بڵاو كردووەتەوە و دەیان كۆنسێرتی لە زۆربەی وڵاتانی دنیا پێشكەش كردووە. لە بواری نواندنیشدا بەشداریی لە پێنج فیلم و درامادا كردووە و لە هەردوو بواریشدا خەڵاتی گەورەی پێ بەخشراوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د