رۆژنامەی South China Morning Post بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای Sanxing Transportation لە ناوچەی "گواندۆنگ" لە چین هەلی كارێكی بە مووچەیەكی باش بڵاو كردووەتەوە، بەڵام مەرجێكی سەیر و نامۆی داناوە و ئاماژەی داوە كە نابێت ئەو كەسەی كە CV پێشكەش دەكات، لەدایكبووی بورجی "سەگ" بێت بەپێی رۆژژمێری چینی.
بەپێی رۆژنامەكە، كۆمپانیا چینییەكە هەلی كارێكی بڵاو كردووەتەوە بە مووچەی مانگانەی سێ هەزار بۆ چوار هەزار دۆلاری مانگانە و پێویستیان بە كەسێكە بۆ كاروباری ئۆفیسی كۆمپانیاكەیان، بەڵام تاکەمەرجی ئەو كەسەی كە CV پێشكەش دەكات، نابێت لەدایكبووی ساڵی "سەگ" بێت.
یەكێك لە فەرمانبەرەكانی كۆمپانیاكە قسەی بۆ رۆژنامە چینییەكە كردووە و روونی كردووەتەوە، سەرۆكی كۆمپانیاكەیان لەدایكبووی ساڵی "ئەژدیها"یە، بەگوێرەی باوەڕی كۆنی چینی، لەدایكبووانی ساڵی "سەگ" و ساڵی"ئەژدیها" ناتوانن بەیەكەوە هەڵبكەن و كێشەیان دەبێت، هەر بۆیەش لەپێناو دروستنەبوونی كێشە لە نێوان سەرۆكی كۆمپانیا و فەرمانبەرە نوێكەی كە وەردەگیرێت، پێویستە كەسەكە لەدایكبووی ساڵی "سەگ" نەبێت.
بڵاوكردنەوەی ئەم هەلی كارە لەلایەن كۆمپانیا چینییەكە كاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان، جێگەی گوتنە كە سیستمی رۆژژمێری دێرینی چینی خوولەكەی لە 60 ساڵ پێكهاتووە، پشتی بە چەندان هاوكێشەی فەلەكی و بیركاری بەستووە، بەشێوەیەكی سادە سیستمی رۆژژمێرەكە پێكهاتووە لە 12 بورج كە ناوەکانیان ناوى ئاژەڵانە "مانگەكانی ساڵ" لەگەڵ پێنج رەگەزی تر "دار، ئاگر، زەوی، كانزا و ئاو"، بەگوێرەی رۆژژمێری چینی، ئەمساڵ (2024) ساڵی ئەژدیهای داری سەوزە.