زۆرێك لە تۆڕەكانی " wifi" دووچاری هاككردن دەبنەوە، هاككەرەكانی تۆڕەكانی ئینتەرنێتیش كارەكە دەقۆزنەوە بۆ سیخووڕیكردن لەسەر بەكارهێنەرەکانى، لەم هەواڵەدا چەند رێگەیەكی ئاسان دانراوە بۆ خۆپاراستن لە هاککردنى تۆڕەكان.
ئاژانسی هەواڵی رووسی "
فیستی" لە زاری "جەمیل مەجیدۆڤ" پسپۆڕی رووسی بڵاوی كردووەتەوە، هاككردنی تۆڕەكانی " wifi" دەبێتە هۆی ئەوەی كە سیخووڕی بەسەر بەكارهێنەرانی ئەو ئینتەرنێتەوە بكرێت كە بەكاری دەهێنین، هاوكات توانایش بە كەسەكان دەدات كە پڕۆگرامی سیخووڕی بەبێ ئاگاداری بەكارهێنەری ئینتەرنێتەكە لەسەر ئامێرەكانی دابنێن و تەواوی زانیارییەكانی ناو ئامێرەكە دەست بەسەردا بگرن.
پسپۆڕە رووسییەكە دەڵێ، چەند نیشانەیەكی ئاسان هەیە کە دەرخەری ئەوەن راوتەری ئینتەرنێتەكەت هاك كراوە، دیارترینیان خاوبوونەوەی خێرایی ئینتەرنێتە، ئەمە بە ئەگەرێكی زۆرەوە رەنگە هۆكاری ئەوە بێت یەكێك لە هاككەرانی تۆڕەكانی ئینتەرنێت وایفاكەیان هاك كردبێت، بۆ دڵنیابوونەوە؛ پێویستە ناونیشانی "ip" هەموو ئەو ئامێرانە لە "check" بكەیتەوە كە بە راوتەرەكەتەوە بەستراونەتەوە، هەر كاتێك یەكێك لەو "ip"یانەى "connect" بوونە نەناسراو بوو، مانای ئەوەیە هاك كراویت.
بەپێی قسەی ئەم پسپۆڕە یەكێكی تر لە نیشانەكان بریتییە لە كرانەوەی ژمارەیەكی زۆر لە رێكلام و كرانەوەی پەڕەی ئینتەرنێت بەشێوەیەكی زۆر و نائاسایی، بۆ دڵنیابوونەوە لەم ئەگەرە، پسپۆڕەكە ئاماژەی نەكردووە بۆ هیچ بەڵگەیەك، بەڵام دووپاتی كردووەتەوە، گرنگە ماوە ماوە وشەی نهێنی و ناوی بەكارهێنەری راوتەرەكەت بگۆڕیت و ئەپدەیتی بكەیتەوە.
یەكێكی تر لە ئامۆژگارییەكانی "جەمیل مەجیدۆڤ" بریتییە لە، هەر كاتێك ئەپدەیت بۆ راوتەرەكە هات، دەستبەجێ بیكە، چونكە لەوانەیە كۆمپانیای خاوەن راوتەرەكە هەموو ئەو هەڵە و كەلێنە سیكیوریتییانەی چارەسەر كردبێت كە دەبنە هۆی هاك كردنی راوتەرەكە.