دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین رایان گەیاند، هەوڵێكی دزی كە ناوزەندیان كردووە بە "دزیی سەدە" شكستی پێ هێنرا، روونیشیان كردووەتەوە كە تونێلێك ئاشكرا كراوە لەژێر زەویدا كە بەرەو یەكێك لە بانكەكان، کە لەلایەن چەند كەسێكەوە بە مەبەستی دزیكردن دروست کرابوو.
ئەمڕۆ هەینی نۆی ئاب، بەپێی هەواڵێكی "
سكای نیوز" دەسەڵاتدارانی ئەرجەنتین توانیویانە دزیەكی گەورە كە بە دزیی سەدە ناوی هاتووە شكست پێ بهێنن لە ناوچەی سان ئیسیدرۆ لە باكوری بۆینس ئایرسی پایتەخت، کە تونێلێكی گەورەیان ئاشكرا كردووە بە درێژایی 220 مەتر بە ئاڕاستەی یەكێك لە بانكەكانی شارەكە هەڵکەنرا بوو.
ئەوەش ئاشكرا كراوە كە تونێلەكە قووڵییەكەی سێ مەتر بووە، بە چوارچێوەی دارینی بەهێز ناوپۆش كراوە و سیستمی هەواگۆڕكێ و كارەبایی تێدا دروست كراوە، بەپێی قسەی پۆلیس چەند مەترێكی كەمی مابوو بگەن بە زەویی ژێر بانكی "ماكرۆ".
جێگەی ئاماژەیە، پۆلیس تا ئێستە وردەكاری رووداوەكەی بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام بەپێی بۆچوونی شارەزایانی تونێل، لەوە دەچێت تونێلەكە ماوەی شەش تا نۆ مانگی پێویست بووبێت تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەى كە دواجار ئاشكرا بووە، باس لەوەش كراوە كە كارەكە بەشێوازێكی ئەندازەیی زۆر پێشكەوتوو ئەنجام دراوە، هاوكات بە قسەی پسپۆڕێكی تونێل كە قسەی بۆ سكای نیوز كردووە، ئەم تونێلە زۆر ناوازەتر و زانستی و ئەندازەییتر بووە لە تونێلەكەی "چابۆ عوسمان" كە مەبەست لێی ئەو تونێلەیە ئیمپراتۆری مادە هۆشبەرەكان لە رێگەی تونێلێكەوە لە ساڵی 2015 لە زیندان لە رێگەیەوە رزگاری بوو و رای كرد.