مۆبایل و ئینتەرنێت بوونەتە دوانەی دەستی هەموو تاكێكی كۆمەڵگە و وای لێ هاتووە لە هەموو تەمەن و رەگەزێكەوە خۆیان رادەستیان كردووە، رەنگە پێویستییەكی سەردەم و پێشكەوتنێكی تەنكنۆلۆجی بێ و سوودی زۆری هەبێت، بەڵام بەكارهێنانی زیاد لە پێویست زیانی هەیە، ئاخۆ چۆن كار لە پرۆسەی خوێندن و ئاستی قوتابی دەكات؟
منداڵ ناتوانێ بەرنامە بۆ خوێندن دابنێت و تەركیزی لەسەر خوێندن لاچووە
كەمال فارووق، مامۆستای دەرووناسی بۆ "وشە"، روونی دەكاتەوە كە یەكێك لە دەرەنجامەكانی زۆر یان خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و تابلێت و ئینتەرنێت، كاریگەرییەكی گەورەی كردووەتە سەر خوێندن، كاتێك منداڵ ناتوانێ بەرنامەیەك بۆ خوێندنەكەی دابنێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو سەرنج و تەركیزی لەسەر خوێندن لاچووە.
زیاتر گوتی، هەركەسێك دەتوانێت سەرنجی منداڵەكانی خۆی بدات، دەبینێت تەركیز و خواستیان بەلای خوێندنەكە ناچێت، ئەگەرچی بە شێوازی جیاجیا هانیان بدات، ئەوان بە شتێكی كاتی دەزانن، چونكە شتە سەرەكییەكە لای ئەوان ئینتەرنێت و یارییەكانە.
ئەو مامۆستایە تیشك دەخاتە سەر حاڵەتێكی تر لە كاریگەری نەرێنی مۆبایل و ئینتەرنێت، كە كار لەسەر منداڵ و قوتابیان دەكات، ئەویش رارایی و نیگەرانییە، بۆ نموونە تۆ یان دایكی منداڵەكە كارێك یان ئەركێك بەو منداڵە دەسپێریت، ئەو خواخوایەتی بەپەلە ئەنجامی بدات و بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بچێتەوە سەر ئایپاد یان مۆبایلەكە.
"ئەوە واتە ئەو منداڵە رارایە و بیری لای ئایپاد و یارییەكەیە، تەنانەت لە نانخواردنیش دەیەوێ زوو لەكۆڵی بكاتەوە و بچێتەوە سەر تابلێتەكە، ئەوەیش وای لێ دەكات بە هاوشێوەی ئەوروپا پەنا بۆ خواردنی فاست فوود ببات، واتە هەموو خوارنەی بۆی ئامادە كراوە، خواستی ناكات، بەڵكو حەزی لە هەمبەرگەر و پیتزایە كە سوودی ئەوتۆیان نییە.