قایمقامی سلێمانی رای گەیاند، 35%ی ئاوی خواردنەوە لە شاری سلێمانی بەفیڕۆ دەچێت و بڕیاریان داوە تیمێك پێك بێنن بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو زێدەڕۆیییانە ببنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ی نیسانی 2017، ئاوات محەمەد قایمقامی ناوەندی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، چەند دیاردەیەك رووبەڕووی شار دەبێتەوە و ئێستە هەست بەوە دەكەن كە ژمارەیەكی زۆر لە ئاژەڵ بەڕەڵای ناو شار دەكرێت، ئەمەش لە دیاردە دەرچووە و بووەتە كێشە، بۆیە ماوەی هەفتەیەك دەدەینە هەموو ئەو كەسانەی كە ئاژەڵەكانیان لەناو شاردا هەیە و دوای ئەو هەفتەیە هەموو رێوشوێنێك دەگرینەبەر.
قایمقامی سلێمانی لەبارەی بەفیرۆدانی ئاو لە شاری سلێمانی نیگەرانی پیشان دا و رای گەیاند، بەپێی ئەو لێكۆڵینەوانەی ئەنجام دراون، دەركەوتووە 35%ی ئاو بەفیڕۆ دەچێت، هۆكاری ئەمەش بۆ زیادەڕەویی هاووڵاتییانەوەیە .
زیاتر گوتی، تیمێك پێك دەهێنین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو زیادەڕەوییانەی كە دەكرێتە سەر ئاو و بەفیڕۆ دەدرێت.
پێشتریش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەفیڕۆدانی ئاوی سەرزەوی هۆشداریی دابوو.