ژماره‌یه‌ك له ژنانی حوكمدراو له گرتووخانه‌ی ئێڤینی تاران، به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌رانبه‌ر به حوكمی له سێداره‌دانی كچێكی كورد، ده‌ستیان به مانگرتن كرد. نێرگز محه‌مه‌دی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی، گولڕوخ ئێرانی، ناهید ته‌قوا و ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌ندكراوانی سیاسی له‌و مانگرتنه‌دا به‌شدارن.
هێشتا هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ئه‌وه نییه به‌رپرسانی گرتووخانه چ هه‌ڵوێستێكیان به‌رانبه‌ر ئه‌و حوكمدراوانه هه‌بووه، ته‌نیا به‌یاننامه‌یه‌كیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كراوه‌ته‌وه كه داوایان كردووه به دروشمی ''نا بۆ سێداره''، رێ له له‌سێداره‌دانی په‌خشان عه‌زیزی بگرن.
په‌خشان عه‌زیزی ڕۆژنامه‌نووس و گیراوی سیاسیی كورد له گرتووخانه‌ی ئێڤێن كه له‌مدواییانه‌دا له مافی پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌ش كرابوو، هه‌فته‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ده‌زگای دادوه‌ریی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.
ئه‌وكات رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو ئاماژه‌ی دابوو كه په‌خشان عه‌زیزی گیراوی سیاسیی كوردی خه‌ڵكی مه‌هاباد، له‌لایه‌ن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تاران به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر ئیمان ئه‌فشاری، به تۆمه‌تی "به‌غی" و ئه‌ندامێتی له حزب و گرووپه‌كانی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامی، سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه.
سه‌پاندنی سزای سێداره به‌سه‌ر په‌خشان عه‌زیزی له كاتێكدابوو كه ناوبراو ماوه‌ی چه‌ند مانگی سه‌ره‌تایی ده‌ستبه‌سه‌ركردنه‌كه‌ی، له مافی ده‌ستڕاگه‌یشتن به پارێزه‌ر و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌ش بووه و دادگاییكردنی دۆسیه‌كه‌ی له پرۆسه‌یه‌كی ناڕوون و نادادپه‌روه‌رانه‌دا به‌ڕێوه چووه.
له‌مدواییانه‌دا نامه‌یه‌كی په‌خشان عه‌زیزی بڵاو كرایه‌وه كه له‌وێدا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، چه‌ندان جار ئه‌شكه‌نجه دراوه و هه‌ڵواسراوه. هه‌روه‌ها ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه له مافی چاوپێكه‌وتن و پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی بێبه‌ش كراوه.
رێك ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له شارۆچكه‌ی خه‌رازیی شاری تاران له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو
په‌خشان عه‌زیزی رێك ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له شارۆچكه‌ی خه‌رازیی شاری تاران له‌لایه‌ن هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئیتڵاعاتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو. ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه له كۆتایی پایزی ساڵی رابردوو له به‌ندی 209ی گرتووخانه‌ی ئێڤین كه به ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعات ناسراوه، بۆ به‌ندی ژنانی ئه‌و گرتووخانه‌یه گواسترایه‌وه.
ئه‌وكات له‌گه‌ڵ ئه‌و گیراوه سیاسییه، چه‌ند كه‌س له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌شی ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون كه دوای چه‌ند ڕۆژ ئازاد كران.
په‌خشان عه‌زیزی ساڵی 2009 له ڕه‌وتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خوێندكارانی كوردی زانكۆی تاران به نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌باره‌ی له‌سێداره‌درانی به‌ندكراوانی سیاسی له كوردستان، ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دوای چوار مانگ به‌ندكردن، به‌دانانی بارمته‌ی 100 ملیۆن تمه‌نی ئازاد كرابوو.
ئه‌و دواتر به‌هۆی گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی ناوه‌نده ته‌ناهییه‌كان، له ئێران چووه ده‌ره‌وه و هاوكات له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه‌كانی له‌سه‌ر بارودۆخی ژنان له هه‌رێمی كوردستان و ڕۆژئاوا، له‌سه‌ر چاكسازیی ئه‌و بارودۆخه له بواری هاریكاری كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ندێك هه‌نگاوی هه‌ڵێنابووه‌وه.