چوار كارمەندی كۆمپانیای پێوەندی و ئینتەرنێت لە هەولێر، بەهۆی دزینی "كێبڵ" لەو كۆمپانیای كە كاریان تیایدا كردووە، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە گیران. لە راگەیەنراوێكیشدا پۆلیس وردەكاریی رووداوەكەی خستووەتە ڕوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 28ی تەمووزی 2024، بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی پێوەندی و ئینتەرنێتەوە، بە هەبوونی حالەتێکی دزینی "کێبڵ"، دوای تۆمارکردنی سکاڵا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و کۆکردنەوەی زانیاری، توانیمان بە زووترین کات شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشان بکەین.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، چوار تۆمەتبارمان بە ناوەکانی (ن.ص.ر) و (ر.ص.ر) و (م.ر.ف) و (م.ٲ.م) گرت، کە ئەم چوار تۆمەتبارە کارمەندی هەمان کۆمپانیا بوون.
پۆلیس ئاماژەی داوە، تۆمەتباران ددانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، بۆیە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و لە ئێستەیشدا بەپێی مادەی 443 ڕاگیراون و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتە بەر.