قوتابخانه‌ی فاخیر مێرگه‌سۆری ناحکومی له ساڵانی رابردوودا بۆ ئه‌و قوتابییانه‌ی له پۆلی یه‌كی سه‌ره‌تایی سیستمی ئینگلیزی وه‌رده‌گیران، دوو ملیۆن دینار كرێی دیاری كردبوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ کە هێشتا خوێندن دەستی پێ نەکردووە له پڕ نرخه‌كه‌ی بۆ دوو ملیۆن و 800 هه‌زار به‌رز كردووه‌ته‌وه.
هێنده‌ی نه‌ماوه ده‌رگای قوتابخانه‌كان به‌ڕووی قوتابییاندا بكرێته‌وه و له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه له‌و كاته، بازاڕی خوێندنگه و قوتابخانه تایبه‌تییه‌كان خۆشتر بووه و هه‌ندێك قوتابخانه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه داخوازی زیاتریان هه‌یه، نرخه‌كانیان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز كردووه‌ته‌وه.
ژماره‌ی قوتابخانه تایبه‌تییه‌كان ساڵ به ساڵ زیاتر ده‌بن و خه‌ڵكێك كه توانای دارایی باشتری هه‌یه، ئه‌وا حه‌ز ده‌كه‌ن منداڵه‌كانیان له قوتابخانه‌یه‌كی تایبه‌تی بخوێنن، به‌ڵام زۆر جار باوانی قوتابییان ده‌كه‌ونه ناو دۆخێكی سه‌خته‌وه و به بیانووی جیاواز پاره‌ی خوێندن له‌سه‌ر منداڵه‌كانیان گران ده‌كرێت.
ساڵی رابردوو ملیۆنێك و 800 هه‌زار دینار کرێی خوێندن بوو ئەمساڵ بووەتە دوو ملیۆن و 800 هەزار دینار.
ئیسماعیل كه‌ریم باوكی قوتابییه‌ك كه باخچه‌ی ساوایانی له قوتابخانه‌ی فاخیر مێرگه‌سۆری ته‌واو كردووه، بۆ ''وشه'' باسی له‌وه كرد، ساڵی رابردوو منداڵه‌كه‌ی كه ته‌مه‌نی پێنج ساڵ بوو، له باخچه‌ی ساوایانی تایبه‌تیی فاخیر مێرگه‌سۆری ناونووسی كرد كه بۆ ساڵێك گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵیاندا كرد و نرخه‌كه‌ی ملیۆنێك و 800 هه‌زار دینار بوو.
ئه‌و گوتی، وه‌ك خۆی له قوتابخانه‌كه رازی بووه و پێی باش بووه هه‌ر له‌و قوتابخانه‌یه درێژه به خوێندن بدات و ویستوویه‌تی بۆ پۆلی یه‌ك ناوی بنووسێت، به‌ڵام پێیان گوتووه كرێیه‌كه‌ی به‌رز كراوه‌ته‌وه بۆ دوو ملیۆن و 800 هه‌زار دینار.
باوكی ئه‌و قوتابییه تووشی دۆخێكی زۆر ناخۆش بووه و ده‌ڵێ، ناكرێ به بێ هیچ هۆكارێك له پڕ یه‌ك ملیۆن دینار كرێی خوێندنت له‌سه‌ر زیاد بكرێ، له وڵاتێك ده‌ژین وه‌ك ئه‌وه وایه حكوومه‌ت هیچ چاودێرییه‌كی به‌سه‌ر داوده‌زگاكانی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه نه‌مابێت.
''وشه'' بۆ دڵنیابوون له‌و دۆخه، پێوه‌ندیی به چه‌ند كه‌سێكی تر كرد، هه‌مان زانیاری‌یان دووپات كرده‌وه و ئاماژه‌یان به‌وه كرد كه كرێی خوێندن له‌و قوتابخانه‌یه، ته‌نیا بۆ ئه‌وانه زیاد بووه كه بۆ یه‌كه‌م جار له پۆلی یه‌كه‌م وه‌رده‌گیرێن و بۆ قۆناغه‌كانی تری خوێندن، به هه‌مان نرخی ساڵانه كه دوو ملیۆن دیناره و ئه‌و كرێیه‌ش هیچ كام له خزمه‌تگوزارییه‌كانی خواردن، هاتوچۆ، جلوبه‌رگ و دابینكردنی كتێب ناگرێته‌وه و باوكی قوتابی له‌گه‌ڵ پێدانی ئه‌و پاره‌یه، ده‌بێت پاره‌ی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ش دابین بكات.
هۆشیار محه‌مه‌د كه كوڕه‌كه‌ی ئه‌ویش له‌و قوتابخانه‌یه ده‌خوێنێت گوتی، یه‌ك ملیۆن دینار كرێی خوێندن به‌رز كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه زیاد كراوه كه پاره‌ی كتێب و جلوبه‌رگ له ئه‌ستۆی قوتابخانه‌یه. ساڵی رابردوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ملیۆن و 800 هه‌زار دیناره‌ی دایبووی، خۆی جلوبه‌رگی بۆ قوتابییه‌كه دابین كردبوو كه كه‌متر له 100 هه‌زار دیناری تێچووبوو، پێیان گوتراوه ئه‌مساڵ 75 هه‌زار دینار پاره‌ی كتێبیش له قوتابیان ده‌ستێنرێت و بۆ پۆلی یه‌ك هه‌ر له‌گه‌ڵ دوو ملیۆن و 800 هه‌زاره‌كه‌یه و ئه‌وانه 75 هه‌زاره‌كه ناده‌ن.
''وشه'' پێوه‌ندیی به قوتابخانه‌ی فاخر مێرگه‌سۆری ناحکومی كرد و گوتیان، به ته‌له‌فۆن وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ناده‌نه‌وه و ده‌كرێ سه‌ردانی قوتابخانه بكه‌ن، مامۆستایه‌كی قوتابخانه‌كه كه پێی باش نه‌بوو ناوی ئاشكرا بكرێ گوتی، قوتابخانه‌كه بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی ره‌زامه‌ندیی له حكوومه‌ت وه‌رگرتووه و له‌خۆیه‌وه ئه‌و بڕیاره‌ی نه‌داوه.
داهات ئه‌گه‌ر كه‌می نه‌كردبێت زیادی نه‌كردووه، ناكرێ به‌و رێژه به‌رزه خوێندن گران بكرێت.
باوانی قوتابییان ده‌ڵێن له دۆخێك‌دا كه مووچه‌كانیان جێگیر نییه و داهاتیان ئه‌گه‌ر كه‌می نه‌كردبێت زیادی نه‌كردووه، ناكرێ به‌و رێژه به‌رزه خوێندن گران بكرێت.
پێویسته بگوترێ فاخر مێرگه‌سۆری کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی به‌ناوبانگی هه‌ولێره و له دوو به‌شی ناحکومی و حکومی پێكدێت، به‌شێك له قوتابخانه‌كان خوێندن تێیاندا به‌خۆڕاییه كه راسته‌وخۆ سه‌ربه وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ن، به هه‌ندێك پێوه‌ر قوتابییان له‌و قوتابخانه‌یه وه‌رده‌گیرێن. چەند ساڵێکە كۆمه‌ڵگه‌ی په‌روه‌رده‌یی شه‌هید فاخیر مێرگه‌سۆری خوێندنی تایبه‌تی كردووه‌ته‌وه، چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی تری به هەر دوو سیستمی خوێندنی ئینگلیزی و کوردی دامه‌زراندووه و له كه‌رتی په‌روه‌رده‌دا رۆڵی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت.