ئەگەر لەو كەسانەی رۆژانە چەند سەعاتێك لەسەر كۆمپیۆتەر و بەدیار شاشەی كۆمپیۆتەرەوە كار دەكەیت، یان لە ماڵەوە بەدیار شاشەی مۆبایلەكەتەوەی، رەنگە تووشی سەرسووڕان یان هێڵنج هاتنەوە هاتبیت، یان ئازارێك لە سەرتەوە بەهۆی تیشكی شاشەكەوە دروست دەبێت، لەوانەیە بیرت بۆ كێشەی چاو بچێت، راستییەكەی ئەوە كاریگەریی حاڵەتی سەرسووڕانی ئینتەرنێتە.
ئەو نیشانانە كە بەهۆی نەبوونی جووڵانەوەی لەشەوە دروست دەبێت، سێ كۆمەڵەن، هیڵنج و كێشە لە چاو و شێوانی لەش بە گشتی، ئەوەی پێوەست بە چاو بریتییە لە ماندووبوونی چاو و سەرئێشە و شەكەتبوونی دەماری كۆنترۆلی جووڵانەوەی چاو دەكات، یان گێژخواردن و سەرسووڕان، یان لێڵبینی و تەركیز نەكردن، رەنگە ئەو نیشانانەیش چەند سەعاتێك بەردەوام بن و كار لە نوستنیش بكەن. ئەویەش بەهۆی شاشەكانی مۆبایل و كۆمپیۆتەر و تەلەڤزیۆنیش دروست دەبن.
بەردەوامیی نیشانەكان كار دەكاتە سەر توانای كاركردن و مەترسی دروست دەكەن
توێژەران لەبارەی هۆكاری دروستبوونی سەرسوڕانی ئینتەرنێت یەك بۆچوون نین، یەكێك لە لێكدانەوەكان بریتییە لە بیردۆزی ململانێی هەستی كە بەهۆی جیاوازیی زانیارییەكانی دەگاتە ئەو ناوچانەی لەش كە بەرپرسن لە بینین و هاوسەنگی، كاتێك چەند زانیاریەك دەگاتە چاوەكانت باسی ئەوە دەكەن تۆ دەجوڵیتەوە، كەچی جەستەت وەستاوە، بۆیە تەكنۆلۆجیای نوێ ئەو جیاوازییەی نێوان تێگەیشتنی بینین و شارەزایی جەستە دروست دەكات.
ئەگەرچی ئەو نیشانانە لە سەرەتادا سووكن، بەڵام رەنگە بەردەوام بن بۆ 24 سەعات دوای بەكارهێنانی كۆمپیۆتەر، بۆیە رەنگە لە سەرەتادا كێشەكە گەورە نەبێت، بەڵام بەردەوامبوونی نیشانەكان كار دەكاتە سەر توانای كاركردن و مەترسی دروست دەكەن، وەك لە تەركیزكردن و توانای شوفێریكردن.
تۆ دەتوانی چاویلكەی گەڕاندنەوەی تیشكی شینی شاشەكان بەكار بێنیت، یان گەورەكردنی شاشە یان هێڵی نووسین، وشكهەڵگەڕانی چاو دەبێتە هۆی ماندووبوونی و بەتێپەڕبوونی كات زیاد دەكات، بۆیە پێویستە هەر 20 خولەك بۆ زیاتر لە 20 چركە سەیری دووری 20 پێ لە دەوروبەری خۆت بكە، جیا لە بەكارهێنانی قەترەی چاو یان فرمێسكی دەستكرد و دانانی شاشەی كۆمپیۆتەر لە ژێر ئاستی چاوتەوە.