چۆن پشوو بە مێشكمان بدەین

:: PM:06:38:06/01/2024 ‌
نوێترین لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەریان خستووە، باشترین ڕێگە بۆ ئەوەی پشوو بە مێشکمان بدەین و دووبارە وزە بدەینەوە بە خۆمان، بریتییە لەوەی وزە بسوتێنین، لە شێوازی پیاسەکردنێکی باش یان ڕاکردن، نەوەک پاڵدانەوە لەسەر قەنەفە بە دیار تەماشاکردنی تەلەفزیۆنەوە.

نووسەری بەناوبانگ ئەلێکس سوجونگ-کیم پانگ پێی وایە، دەرچوون بۆ شاخەوانی یان ڕاکردن و ئەنجامدانی وەرزش، وزەیەکی زیاترمان دەداتێ و لە هەمان کاتدا پشوو بە مێشكمان دەدات.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ''واشنتۆن پۆست'' کاتێک بە کارێکەوە سەرقاڵ دەبین کە مێشکمان پشوویەکی زیاتری لێوە وەردەگرێت، وەک ئەنجامدانی وەرزش، ئەوا چالاکی و توانستی مێشک زیاتر دەبێت.

چەند تێبینییەک بۆ ئەوەی مێشکمان بە باشترین شێوە چالاك ببێ:

1-پشووی چالاک وەربگرە: کاتێک دەچیتە هۆڵی وەرزشی یان وزەی زیاتر بەکار دێنیت، ئەوا مێشکت چالاکتر دەبێت و لە هەمان کاتدا پشوو وەردەگرێت.

2-خولیایەک بۆ خۆت بدۆزەرەوە: وێنەکێشان یان تەماشاکردنی باڵندە لە سروشتدا بە نموونە دەتوانن ببنە خولیایەک کە پشوو بە مێشک بدەن.

3-لە کاتی کارکردن چەندان جار پشوو وەربگرە: توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو کەسانەی کە لەسەر کار چەند جارێک پشوو وەردەگرن، مێشکیان چالاکتر دەبێت.

4-کاری ئەمڕۆ مەخەرە سبەی: لیستێک دروست بکە بۆ ئەو کارانەی کە ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەی، نەوەک لیستی کارێک دروست بکەی کە بەتەمابیت ئەنجامی بدەیت، کە کارەکانی ئەمڕۆت بەکۆتا هێنا، پشوو بدە و هیچ ئەرکی تر لە خۆت كۆ مەكەرەوە.


5-بۆ ماوەیەک لاپتۆپ و مۆبایلەکەت دابخە: پشوو وەرگرتنی تەکنەلۆجی یەکێکی تر لەو کارانەیە کە پێویستە بۆ چالاککردنی مێشک و دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵییەکان.

6-زوو زوو پشوو وەربگرە بە مەبەستی گەشتکردن، بەڵام با ماوەکەی کەم بێت: مەرج نییە بۆ گەشتێک سێ هەفتە لە سەفەر بیت، بەڵام پێویستە سێ هەفتە جارێک هەفتەیەکیان پشوو وەربگریت، توێژینەوەکان دەریان خستووە، ئەو کەسانەی لە ناوەڕاستی تەمەنیانن و بە بەردەوامی کار دەکەن ئەگەری ئەوەیان زیاترە جەڵتە لێیان بات.

7-پشووی ماوە کورت: لە شوێنی کارەکەت بۆ چەند چرکەیەک هەناسەی قووڵ هەڵمژە یان بچۆرە دەرەوە و کەشێک بگۆڕە، توێژەران دەڵێن، پشووی پچڕ پچڕ گۆڕانکاریی ڕەها بەسەر دڵ و دەروونماندا دەهێنێت.


وشە - ئارا هێمن