زیانە مەترسیدارەكانی كیتۆ چییە؟

:: PM:10:28:07/08/2024 ‌

یەكێك لە رێگەكانی خۆلاوازكردنەوە سیستمی كیتۆیە، كە لە ساڵانی دوایی لەسەر ئاستێكی فرەوان دێتە پێڕەوكردن و زۆر كەس توانیویانە لە ماوەیەكی كەمدا كێشی لەشیان زۆر دابەزێنن، بەو هۆیەوە خەڵكێكی زۆر روویان تێ كردووە، توێژینەوەیەكی نوێ دەری دەخات كە ئەو سیستمە مەترسی و زیانی هەیە، لەوانە بەرزكردنەوەی رێژەی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێن.

شارەزایانی تەندروستی و خۆراك بەشدارییان لە توێژینەوەی زانكۆكانی باس و بریستۆل و نەخۆشخانەی زانكۆی ئۆكسفۆرد و زانكۆی ماسترێخت و سەنتەری توێژینەوەكانی خۆراك كرد، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەو كەسانەی پێڕەوی سیستمی كیتۆ دەكەن، رەنگە تووشی زیادبوونی ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخشی خوێن ببنەوە، جیا لە كەمبوونەوەی بەكتریای ریخۆڵەكان.

توێژەران بۆ ماوەی مانگێك چاودێریی سیستمەكەیان كرد، كە پشت بە كەمكردنەوەی خواردنی كاربۆهیدرات و گۆڕینی بە چەوری و گۆشت و بەرهەمەكانی شیرەمەنی و پەنیر و هێلكە و خواردنی تر دەبەستێت، ئەوان 53 كەسیان كردە سامپڵ سێیەكیان سیستمەكەیان جێبەجێ كرد، بۆ ماوەی مانگێك چاودێریان كردن و چاودێریی گۆڕانكارییەكانیان كرد.

دەركەوت ئەوانەی پێڕەوی كیتۆیان كردووە 1.6 كیلۆگرام چەوریان لەدەست داوە، بەڵام بە رێژەی 16% زیاتر ئاستی كۆلیسترۆڵی زیانبەخش لە خوێنیان هەبووە، جیا لە 26% لە پرۆتینی چەوری جۆری بی، كە بەوە ناسراوە دەبێتە هۆی گیرانی لوولەكانی خوێن، هەروەها ئاستی بەكتریای ریخۆڵەیان كەمتر بووەتەوە، كە رۆڵیان لە بەهێزكردنی بەرگری لەش هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل