بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری تەكنیكی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات، بڕیارە سەنتەرێكی نیشتمانیی توێژینەوەی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان دامەزرێت، ئەوەش بۆ ئەوەی رێگری لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە مەترسیدارە لە هەرێم بكرێت .
ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری تەكنیكی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بیرۆكەی دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانیی شێرپەنجە لەلایەن د. گەلاوێژ عوبێد سیان، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، كە پسپۆڕە لە بواری نەخۆشییە بۆماوەییەكان، پێشكەشی ئەنجوومەنی وەزیران كرابوو بۆ ئەوەی چارەسەری شێرپەنجە بكرێت، ئەوەش لە رێگەی ئەنجامدانی توێژینەوە و زانینی هۆكارەكانی، بۆیە بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا كاركردن لەسەر دامەزراندنی ئەو سەنتەرە دەست پێ بكات.
زیاتر گوتی، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی باڵا پێك هێنراوە و ئێمەش وەك دەستەی ژینگە بەشداریمان لە یەكەم كۆبوونەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆپۆزەلی پێشكەش كراوە كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رازییە و پێی باشە كار لەسەر دامەزراندنی سەنتەرەكە بكرێت، چونكە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆر بە ژینگە و تەندروستیی خەڵك دەدات و ئاماری تووشبوونی ئەو نەخۆشییەش لە دنیا لەهەڵكشاندایە، بۆیە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین هۆكارەكانی لە رێگەی توێژینەوەی زانستی دیاری بكەین و چارەسەری بۆ بكرێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی كاروباری تەكنیكی لە دەستەی ژینگە دووپاتی كردەوە، لە هەنگاوی یەكەم بڕیارە سێ بەش لە هەرسێ پارێزگای هەرێم بكرێنەوە، دواتر بكرێتە سەنتەرێكی فراوان و كاری لەسەر بكرێت، چونكە زۆر هۆكار هەن بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە، كە بەشێكی پێوەندیی بە ژینگەوە هەیە، بۆیە هەموو لایەنی پێوەندیدار ئەندامیان لەو لیژنەیە هەیە و بەرژدی كاری لەسەر دەكەین، چونكە ئەو سەنتەرە گرنگی زۆری هەیە و دامەزراندنی لە بەرژەوەندیی خەڵكی هەرێمی كوردستانە بەگشتی .
هەولێر/ بڵند ئیبراهیم