بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 242 منداڵی دووانە لە هەولێر لە دایك بوون، ئەمە لە كاتێكدایە، پارساڵ لە ماوەی هەشت مانگی یەكەمدا 306 دووانە لە دایك ببوون.
ئەمڕۆ پێنجشەم، هەشتی ئابی 2024، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێردا هاتووە، نەخۆشخانەی لەدایکبوون و ئافرەتان یەکێکە لەو نەخۆشخانانەی کە ڕۆژانە دەیان ئافرەت سەردانی دەکەن بۆ مەبەستی چارەسەر و لەدایکبوونی کۆرپە.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی داوە، نەخۆشخانەكە پێگەیەکی گرنگی چارەسەری هەیە و بە سیستمێکی بەرزی زانستییانە پێشوازی لە نەخۆش دەكات لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی تەندروستی بۆ ئافرەتان بەخۆڕایی.
لە ئاماری ئەم نەخۆشخانەیەدا هاتووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 30ی تەمووزی 2024، 242 منداڵی دووانە لە نەخۆشخانەكە لە دایك بوونە، ئەمە لە كاتێكدایە، پارساڵ لە سەرەتای ساڵەوە تا 31ی ئابی 2023، 306 منداڵی دووانە لە دایك ببوون.
بەپێی ئەو ئامارەی نەخۆشخانەی لەدایكبووان بێت، بەشێوەیەكی گشتی مانگانە تەنیا لە نەخۆشخانەكەدا نزیكەی 35 دووانە لە دایك دەبن.