گریمان وازت لە شەكر هێنا چی ڕوو دەدا؟

:: PM:07:56:09/08/2024 ‌

خەریكە وای لێ دێت، هیچ پزیشكێك و هیچ ڕێنماییكەرێكی خۆراكی نەمێنێت كە باس لەوە نەكەن، پوێستە واز لە شەكر بهێنیت، بەڵام ئایا ئەمە چ سوودێك بە جەستە دەگەیەنێت؟

بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان، وازهێنان لە شەكر كە بە ژەهری سپی ناوی دەركردووە، بەڵام مەبەستیان لەوەیە تەنانەت شەكری قاوەییش واز لێ بهێنیت، دەبێتە هۆی ئەم گۆڕانكارییانەی خوارەوە لە جەستەدا:

یەكەم: دابەزینی كێش، چونكە بەهۆی نەخواردنی شەكرەوە، وا دەكات ڕێژەی كالۆری لە جەستەتدا كەم ببیتەوە و ئەمەش وا دەكات جەستەت لە چەورییە هەڵگیراوەكەی خەرج بكات بۆ ئەوەی وزەی دەست بكەوێت و بەهۆیەوە لاواز دەبیت. وازهێنان لە شەكر بۆ لاوازبوون، واتە نەخواردنی هیچ جۆرە شەكرێكی دروستكراو، وەكوو چا، خواردنەوە گازییەكان و هەر جۆرە شەربەتێكی میوەی ناسروشتی. هەڵبەت ئەوانەی دەیانەوێت خێراتر دابەزن، میوە زۆر شیرینەكانی وەكوو خورما، مۆز، هەنجیر و ترێ ناخۆن.

دووەم: كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە، چونكە بەرزبوونەوەی ڕێژەی گلوكۆز لە جەستەدا، هۆكارە بۆ دابەزینی هەستیاریی ئەنسۆلین و بەهۆیەوە نەخۆشیی شەكرە دروست دەبێت. 

سێیەم: درەنگ پیربوون، ئەمەش زیاتر خانمان مەبەستییانە كە زوو  پیری بەسەر پێستیانەوە دەرنەكەوێت. ئەوانەی شەكر ناخۆن، پێستیان زیاتر بە گەشی و گەنجی دەمێنێتەوە و درەنگتر لۆچی تێ دەكەوێت.

چوارەم: پارێزگاری لە نەخۆشییەكان بە گشتی، چونكە شەكر لە گەدەدا دەبێتە هۆی گۆڕانی بەكتریا و دەیانكات بە بەكتریای زیانبەخش و بەهۆیەوە تووشبوون بە هەوكردنەوەی جومگەكان و شلەژانی كۆئەندامی هەرس و زۆر نەخۆشیی تری لێ دەكەوێتەوە.

پێنجەم: كەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە خەمۆكی، چونكە وازهێنان لە شەكر، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی چاكبوونی باری دەروونی.


شەشەم: كەمبوونەوەی هەستی برسێتی كە ڕەنگە لەگەڵ خاڵی یەكەمدا نزیك بێت، بەڵام بە نەخواردنی شەكر، وات لێ دەكات كەمتر بیر لە خواردن بكەیتەوە.

حەوتەم: كاتێك شەكری دروستكراو دەگۆڕیت بۆ میوە و كاربۆهیدرات، جەستەت بەهێزتر دەبێت و هەست بە چالاكیی زیاتر دەكەیت.

هەشتەم: بە وازهێنان لە شەكر، دڵ و مێكشت لە جەڵتە و نەخۆشییەكانی تری خوێنو دەمارەكان پارێزراو دەبێت.

نۆیەم: ددانەكانت كلۆر نابن، ئەمەش خاڵێكی گرنگە كە هەر لە منداڵییەوە بتوانین دوای خواردنی هەر شیرینییەك ددانەكانمان بشۆرین و ئەگەر هەر شەكریش نەخۆین، ئەوە زۆر باشترە.


وشە - عەبدوڵا عومەر