خورماتوو.. میلیشیاكان رێوشوێنی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆ دەشكێنن

:: PM:09:33:25/06/2020 ‌

 بۆجاری دووەم دوای سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا، شارۆكەی خورماتوو یەكێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كەرەنتین دەكرێ و دەوامی فەرمانگەكانی رادەگیرێت، پێشتر میلیشاكان نەیانهێشت كەرەنتینەكردنی ئەو شارۆكەیە جێبەجێ بكرێ.
میلشیاكان هۆكارن بۆ بەرنەگرتن لە پەتای كۆرۆنا
 جەمال عكاب، گوتەبێژی شانەی قەیرانەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە "وشە"ی راگەیاند، لەسبەینێوە هەینی 26ی حوزیرانی 2020، بۆ ماوەی 10 رۆژ شارۆكەی خورماتوو كەرەنتین دەكرێ و دەوامی تەواوی فەرمانگە حكوومییەكانی رادەگیرێت، هاوكات بازاڕەكانیش دادەخرێن.

زیاتر گوتی، تەواوی دەروازەكانی شارۆكەی خورماتوو بۆ هاتن و رۆیشتن دادەخرێن، هاوكات تەواوی هێزە تەناهییەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گونجاو پلانی كەرەنتینەكردنی شارۆكەكە جێبەجێ بكەن.

 پێش مانگێك بۆ ماوەی چەند رۆژێك خورماتوو كەرەنتین كرا، بەڵام میلشیاكان قەدەغەی هاتوچۆیان شكاند و لەگەڵ هێزە تەناهییەكان رووبەروو بوونەوە، ئەوەیش بە گوتەی ئەرسەلان عەلی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان.

 لەلایەكی تر هاووڵاتییانی خورماتوو چەندانجار سكاڵایان بردووەتە لای بەرپرسان كە میلشیاكان هۆكارن بۆ بەرنەگرتن لە پەتای كۆرۆنا،  هێمن حەسەن، هاووڵاتییەكی كوردی ناوچەكە پێداگری لەوە كرد كە تەنیا میلشیاكان پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت نابن و قەرباڵغی دروست دەكەن و و كۆڕ و كۆبوونەو ئەنجام دەدەن .

د ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری تەندروستی خورماتوو بۆ "وشە"ئاشكرای كرد، تا ئێستە لە خورماتوو دوو كەس گیانیان لەدەست داوە و 40 كەس زیاتریش تووشی پەتای كۆرۆنا هاتوون، لەوكاتەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم شانەی قەیرانەكانی خورماتوو، بڕیاری دا بەشێك  لە گۆڕستانی  ئیمام حەسەن لە شاری خورماتوو، تایبەت بكرێ بە ناشتنی مردووانی  پەتای كۆرۆنا.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل