پەیامێك بۆ سۆران عومەری بەكرێگیراو

:: AM:09:02:27/06/2020 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامێكی توندی سۆران عومەر دەداتەوە و دەڵێت، ئەو قەوارەیە و هەرێمە ئێوە پێیەوە ماندوو نەبوونە و ئێوە خوێنتان بۆ نەڕشتووە، بۆیە مافی ئەوەتان نییە باسی لەناوچوونی بكەن، لە پلانگێڕی دوژمنان و بەكرێگیراوان پارێزراو دەبێت.

نە ئێوە بۆی ماندوبوون و نە ئێوە خوێنتان بۆی ڕشتووە
ئەمڕۆ شەموو 27ـی حوزەیران، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكی بۆ سۆران عومەر دەڵێ، بۆ سۆران عومەر و هاوئاوازەكانی، ئەم ئەزموونە و ئەم قەوارەیە نە بەقسەی ئێوە دروست بووە و نە ئێوە بۆی ماندوبوون و نە ئێوە خوێنتان بۆی ڕشتووە.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دەڵێت، مافی ئەوەتان نییە باسی لەناوچوونی بكەن. ئەم وڵاتە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ماندوبوونی شۆڕشگێڕانە كە سەدان ساڵە شەونخونییان بۆی كێشاوە. تا كوردێك و نیشتمانپەروەرێك و كەسوكاری شەهیدان مابن، ئەم ئەزموونە لە پلانگێڕی دوژمنان و بەكرێگیراوان پارێزراو دەبێت.

ڕۆژی حەوتی ئایار بە دەنگی 57 پەرلەمانتاری كوردستان، پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵگیرا، ئەوەیش دوای ئەوەی لەلایەن دادگاوە داوا كراوە بەهۆی هەڵبەستنی تۆمەت بەرانبەر سەرۆك وەزیرانی كوردستان، ئەوەیش وایكردووە ئەو پەرلەمانتارە سووكایەتی بەهەموو پیرۆزییەكانی كوردستان بكات.





وشە - رامیار جەواد