هه‌رچه‌نده به‌هۆى په‌تاى كۆرۆناوه خۆپێشاندانه‌كانى عێراق خامۆش ده‌بووه‌وه، به‌ڵام نه‌بوونى ئۆكسجین و داڕمانى كه‌رتى ته‌ندروستى عێراق وا ده‌كات جارێكى تر خۆپێشاندانه‌كان ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌ب" كه له له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت، ئه‌مڕۆ دووشه‌م له راپۆرتێكدا باس له داڕمانى كه‌رتى ته‌ندروستى عێراق ده‌كات كه له سایه‌ى په‌تاى كۆرۆناوه ته‌واوى ئیفلیجییه‌كه‌ى ده‌ركه‌وتووه، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات خۆپێشاندانه‌كان كه ماوه‌یه‌ك بوو خامۆش بووبوون، جارێكى تر ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه.
له سه‌ره‌تاى رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب"دا هاتووه، شارى ناسرییه له باشوورى عێراق له بارودۆخێكدایه خه‌ریكه له داڕووخان به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا و كه‌متوانایى ده‌سه‌ڵات له ڕه‌واندنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى خه‌ڵك نزیك ده‌بێته‌وه.
داوا له كازمى ده‌كرێ به په‌له بگاته ناسرییه
دواتر باس له‌وه ده‌كات ته‌نیا دوێنێ 16 كه‌س له ناسرییه به كۆرۆنا مردوون، 282 كه‌سیش تووشى كۆرۆنا بوون، ئه‌مه‌یش به‌رزترین ئاستى تووشبوونه ئه‌گه‌ر به شاره‌كانى تر‌ى عێراق به‌راورد بكرێت.
به‌گوێره‌ى داتاكانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، تا ئێسته له عێراق 45 هه‌زار و 402 كه‌س تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بوون و هه‌زار و 756 كه‌سیش به ڤایرۆسه‌كه مردوون. له‌م وڵاته مه‌ترسى ئه‌وه‌یه له به‌رده‌م زیادبوونى تووشبووى زیاتر سیستمى ته‌ندروستى به ته‌واوى بكه‌وێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق قه‌ده‌غه‌یه‌كى سنووردارى هاتوچۆیان راگه‌یاندووه، كه ته‌نیا له چه‌ند سه‌عاتێكى رۆژدا ده‌توانن هاتوچۆ بكه‌ن و ره‌چاوى جێبه‌جێكردنى رێنوێنى ته‌ندروستى بكه‌ن. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ، ناتوانرێ له ناسرییه به‌رپرسى یه‌كه‌م له به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌كه ده‌ستنیشان بكرێت، چونكه ته‌واوى فه‌رمانگه‌كانى حكوومه‌ت كه‌وتوونه‌ته ژێر گوشارى خۆپێشانده‌ران، به سه‌دان خۆپێشانده‌ر ئێسته گۆڕه‌پانى خۆپێشاندانیان جێهێشتووه و به‌ره‌و به‌رده‌م دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌ت رۆیشتوون.
له مانگى تشرینى یه‌كه‌مه‌وه، ناسرییه له دواى به‌غداوه توندترین خۆپێشاندانى به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌تایبه‌تى له دژى حكوومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق، ئه‌وكاتیش خه‌ڵكانێكى زۆر به‌هۆى ته‌قه‌ی میلیشیاكانى سه‌ر به ئێران و هێزه عێراقییه‌كان له شاره‌كه و ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق بوونه قوربانى.
ئێسته‌یش رووبه‌ڕووى ته‌نگژه‌یه‌كى تر ده‌بنه‌وه ئه‌ویش په‌تاى كۆرۆنایه، هه‌رچه‌نده ئه‌م په‌تایه له سه‌رانسه‌رى دنیا بڵاو بووه‌ته‌وه، به‌ڵام دانیشتووانى ناسرییه به‌تایبه‌تى و خه‌ڵكى عێراق به گشتى خراپى كه‌رتى ته‌ندروستى به هۆكارێك ده‌زانن بۆ په‌ره‌سه‌ندنى په‌تاكه، وه‌ك ده‌زانرێت چه‌ند رۆژێكه باس له نه‌بوونى ئۆكسجین ده‌كرێت له ناسرییه.
سه‌یف به‌در گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى گوتوویه‌تى، یاوه‌رى نه‌خۆشه‌كان ته‌واوى بوتڵى ئۆكسجینه‌كانیان بردووه‌ته‌وه ماڵه‌وه گوایه ئه‌مه كارێكى گره‌نتییه بۆ چاكبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشه‌كانیان، ئه‌مه‌یش هۆكاره بۆ نه‌مانى ئۆكسجین له نه‌خۆشخانه‌كان و دواجاریش به‌هۆى نه‌مانى ئۆكسجینه‌وه، ژماره‌یه‌كى زۆر نه‌خۆشى كۆرۆنا مردوون.
وه‌ك گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى باسى كردووه، حكوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتى به‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كان نه‌ماوه، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر نه‌خۆشێك 10 یاوه‌رى له‌گه‌ڵدایه، ئه‌مه‌یش وایكردووه بارودۆخى ناو نه‌خۆشخانه‌كان كۆنتڕۆڵ نه‌كرێت و له حاڵه‌تێكیش كه تووشبوویه‌كى كۆرۆنا ده‌مرێت، هێرش ده‌كرێته سه‌ر تیمى پزیشكى و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه به ته‌واوى كاره‌كانیان پێ ناكرێت.
محه‌مه‌د شیاع سوودانى په‌رله‌مانتارى عێراق هۆشدارى داوه له بارودۆخى دوو شارى عێراق و گوتوویه‌تى، بارودۆخى ناسرییه و میسان له مه‌ترسیدایه.
سوودانى باس له‌وه ده‌كات قه‌باره‌ى تووشبوون به كۆرۆنا له شاره‌كه زۆر گه‌وره‌یه و له‌و كاته‌یشدا تیمى پزیشكى به‌هۆى هێرشى هاووڵاتییانه‌وه شكستى هێناوه، بۆیه داوا له كازمى ده‌كات به په‌له سه‌ردانى ناسرییه و میسان بكا تا له نزیكه‌وه چاره‌سه‌رى كێشه‌كه بكات.
كه‌رتى ته‌ندروستى له عێراق داڕماوه
به‌گوێره‌ى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى له راپۆرته‌كه‌ى "عه‌ره‌ب" قسه‌یان كردووه، ته‌واوى ژێرخانى شارى ناسرییه وێران بووه و به‌هۆى خۆپێشاندانه‌كانیش له نۆ مانگى رابردووه‌دا بارودۆخى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت به ته‌واوى تێكچووه.
له مانگى تشرینى یه‌كه‌مى 2019 خۆپێشاندانێكى سه‌رانسه‌رى له به‌غدا و شاره‌كانى عێراق ده‌ستى پێ كرد و تا مانگى ئادار به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام له‌و كاته‌دا كه ڤایرۆسى كۆرۆنا ده‌ركه‌وت، خۆپێشاندان كه‌م بووه‌وه، تا ئێسته زیاتر له 700 كه‌س له خۆپێشانده‌ران كوژراون و نزیكه‌ى 30 هه‌زار كه‌سیش بریندارن.