ڤایرۆسێكی نوێی ئەنفلەوەنزای بەراز لە چین دۆزرایەوە

:: AM:10:39:30/06/2020 ‌
توێژەرانی چین توانییان جۆرێكی نوێی ئەنفلەوەنزای بەراز بدۆزنەوە كە مەترسیدارە و ئەگەر پێشی پێ نەگیرێت، دەتوانێت كێشەی بۆ هەموو دنیا دروست بكات.

ڤایرۆسەكە لەمدواییانەدا لە ناو كێڵگەیەكی بەراز دۆزراوەتەوە و ئەگەریشی زۆرە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێتەوە. ئەوان هۆشدارییان داوە بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسەكە نوێیە لەوانەیە لەشی مرۆڤ بەرانبەر ڤایرۆسەكە هیچ بەرگرییەكی نەبێت.

زانایانی چین لە تایبەتمەندییەكانی ڤایرۆسەكە دەكۆڵنەوە و دەڵێن لەوانەیە بۆ جۆرێكی تر بێتە گۆڕین، لە رووی جیناتەوە بەشێوەیەكی لێ بێت بە ئاسانی لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی تر بگوازرێتەوە، هاوشێوەی كۆرۆنا تەنگژەیەكی تەندروستی بۆ دانیشتووانی زەوی دروست بكات.

یەكەم جار كە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای بەراز بڵاو بووەوە، لە مەكسیك بوو و دواتر كە كۆمەڵێك كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون، دەرچوو زۆر مەترسیدار نییە و مرۆڤ دەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت، بەڵام ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای بەراز جیاوازی لەوەی پێشوو هەیە و لەوانەیە مەترسیدار بێت.
نابێت ئەوە ببێتە هۆی كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی ڤایرۆسەكانی تر

بەگوێرەی بی بی سی، زانایانی بەریتانیاش لەسەر ئەم پرسە قسەیان هەبووە و گوتوویانە راستە دنیا خەریكی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەڵام نابێت ئەوە ببێتە هۆی كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی ڤایرۆسەكانی تر.

پێویستە بگوترێ ڤایرۆسی كۆرۆنا مەترسیدارترین ڤایرۆس بووە كە لانی كەم لە یەك سەدەی رابردوودا لە وڵاتانی دنیا بڵاو بووەتەوە و تا ئێستە سەرووی نیو ملیۆن كەس بە ڤایرۆسەكە مردوون.


وشە - سلێمان تاشان