له‌نیا مالیك عومه‌ر /25 ساڵ/ شێوه‌كار و په‌یكه‌رسازی شاری سلێمانی، له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشه" باس له كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت، كاتێك منداڵ بووم، هه‌میشه خه‌ونم ئه‌وه‌بووه بتوانم ببمه نیگاركێش یان بتوانم وه‌ك دایكم وێنه بكێشم.
ماوه‌ی چه‌نده ده‌ستت به كاری وێنه‌كێشان و شێوه‌كاری كردووه؟
نۆ ساڵه ده‌ستم كردووه به نیگاركێشان و سێ ساڵیشه خه‌ریكی هونه‌ری په‌یكه‌رسازیم، واته سه‌ره‌تا په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، به‌شی نیگاركێشانم ته‌واو كردووه و به پله‌ی زۆر باش ده‌رچووم. ئێسته‌یش له خوێندن به‌رده‌وامم و كۆتا قۆناغمه له كۆلێژی ھونه‌ر له سلێمانی له به‌شی په‌یكه‌رسازی.
بۆم نه‌گونجاوه كه پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆم بكه‌مه‌وه
ڕۆژانه كاته‌كانت زیاتر به‌چی به‌سه‌ر ده‌به‌یت؟
ئه‌و كاتانه‌ی له كۆلێژم خه‌ریكی ئیشی په‌یكه‌رسازیم، هه‌روه‌ها ئه‌و كاتانه‌ی له ماڵه‌وه‌م، خه‌ریكی تابلۆ و وێنه‌كێشانم.
خاوه‌نی چه‌ند تابلۆیت؟
پرسارێكی قورسه كه بڵێن چه‌ند تابلۆت كردووه، چونكه من گرنگی ناده‌م به ژماره‌ی ئیشه‌كانم و ڕۆژانه سه‌رقاڵی كاركردنم و هه‌رگیز نه تابلۆكانم نه په‌یكه‌ره‌كانم نه‌ژماردووه.
له كاره‌كانتدا پێڕه‌وی له هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری ده‌كه‌یت؟
له كاری هونه‌ریدا خۆم نابه‌ستمه‌وه به هیچ قوتابخانه‌یه‌كی هونه‌ری، به‌ڵام ده‌كرێت سوودیان لێ وه‌رگرم. ئێسته كاری هونه‌ری ئازادییه‌كی ڕه‌ها به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت، به‌ڵام ئه‌و ئیشانه‌ی كه له‌سه‌ر داواكارییه زیاتر واقعین و كار له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیی یه‌كه‌م یان ئیشی ته‌جریدی ده‌كه‌م، ئه‌ویش به‌پێی خواستی كه‌سه‌كانه.
به‌شداری چه‌ند پێشانگه‌ی تایبه‌ت و هاوبه‌شت كردووه؟
به‌شداریم له زیاتر له ھه‌شت پێشانگه‌ی ھاوبه‌ش كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه بۆم نه‌گونجاوه كه پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆم بكه‌مه‌وه.
چ هۆكارێك پاڵنه‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی بچیته دنیای شێوه‌كارییه‌وه؟
ھونه‌ر خه‌ونێكی منداڵیم بووه و ھه‌میشه خه‌ونم بووه بتوانم ببمه نیگاركێش یان بتوانم وه‌ك دایكم وێنه بكێشم، چونكه بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌كانم له‌لا خۆشه‌ویست بێت، دایكم له قۆناغی یه‌كی سه‌ره‌تاییدا وێنه‌ی ناو كتێبه‌كه‌ی بۆ ده‌كێشام، ئه‌وكات ده‌مگوت بڵێی وه‌ك ده‌سته‌كانی دایكم، ده‌ستی منیش بتوانێ قه‌ڵه‌م بگرێت؟!
له تابلۆكانت چۆن باسی ژنان كراوه؟
له كاره ھونه‌رییه‌كانمدا زۆرجار كارم له‌سه‌ر نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك كردووه، یاخۆ له‌سه‌ر توندوتیژی ژن كارم كردووه، هه‌روه‌ها گرنگیم داوه به ژنی دووگیان، چونكه دایك لای من پیرۆزی ڕه‌ھای ھه‌یه.
له كاره‌كانتدا جه‌سته‌ی ژنت به ڕووتی كێشاوه، یان په‌یكه‌ری ژنت دروست كردووه و شوێنی هه‌ستیارت پێشان داوه، چ مه‌به‌ست و په‌یامێكت له دروستكردنی ئه‌م تابلۆ و په‌یكه‌رانه‌دا هه‌یه؟
ئه‌گه‌ر جه‌سته‌ی ژنم پێشان دابێ، بێ ھۆكار پێشانم نه‌داوه، ھه‌میشه ئامانجێكم ھه‌بووه له‌وه‌ی جه‌سته‌یه‌كی ڕووتی ژنم به‌كارھێنابێ بۆ كاره‌كانم، بۆ نموونه له كارێمدا جه‌سته‌ی ژنم به‌وپه‌ڕی جوانی پێشان داوه، له پاڵیشیدا ئازارێكی گه‌وره‌ترم پێشان داوه، ئه‌ویش بوونی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكه. هه‌روه‌ها زۆر ئیشی ترم كردووه له‌سه‌ر كێشه‌كانی ژیان و ژن و ھیواكانی ژنان له ھاوسه‌رگیریدا كه چۆن تێك ده‌شكێنرێت؟!
تا چه‌ند هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی جیهانی كاریگه‌رییان به‌سه‌رته‌وه هه‌بووه و تا چه‌ند هه‌وڵت داوه ڕێچكه‌ی ئه‌وان بگریت؟
ناتوانم ته‌نیا ھونه‌رمه‌ندێك دیاری بكه‌م، ھه‌ر ھونه‌رمه‌ندێك توانایه‌كی تایبه‌تی خۆی ھه‌یه. زۆر كه‌س ھه‌بووه كه من سه‌رسامی كاركردن و ئیشه‌كانیان بووم، ھیواخواز بووم بتوانم وه‌ك ئه‌وان سه‌ركه‌وتووبم یان ویستوومه وه‌ك ئه‌وان كار بكه‌م، جا چ هونه‌رمه‌نده كورده‌كان یان جیهانی، به‌ڵام دواتریش ھه‌ركه‌سه و ستایلی ئیشكردنی خۆی ھه‌یه و منیش ستایلێكی خۆمم ھه‌یه بۆ كاره‌كانم .
هیچ پرَِۆژه‌یه‌كی هونه‌ریت بۆ ئاینده هه‌یه؟
ئێسته خه‌ریكی پڕۆژه‌یه‌كم كه كارنامه‌ی ده‌رچوونم بوو له كۆلێژ، ئه‌ویش ئیشكردن بۆ كه‌سایه‌تی پڕۆفیسۆر "دكتۆر عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ"ـه كه به‌شێكی زۆری ئیشكردنه‌كه‌ی ته‌واو بووه، به ھیوام بتوانم بیگه‌یه‌نمه قۆناغی كۆتایی.
هه‌ولێر/ محه‌مه‌د جه‌مال