عێراق داهاتى نه‌وتى مانگى رابردووى ئاشكرا كرد

:: PM:12:57:01/07/2020 ‌
وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئاشكراى كرد، له‌ مانگى رابردوو "حوزه‌یران" 84 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى ره‌وانه‌ى ده‌ره‌وه‌ كردووه‌ و داهاته‌كه‌ى دوو ملیار و 861 ملیۆن دۆلار بووه‌.
 
وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م یه‌كى ته‌مووز له‌ راگه‌یه‌نراوێكى فه‌رمى داهاتى نه‌وتى له‌ مانگى رابردوو "حوزه‌یران"ى ئاشكرا كرد.

داهاتى مانگى رابردوو مووچه‌ى نیوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى پێ دابین ناكرێت

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى وه‌زاره‌ت هاتووه‌، كۆى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى عێراق له‌ مانگى رابردوو 84 ملیۆن و 490 هه‌زار و 194 به‌رمیل نه‌وت بووه‌.
 
له‌باره‌ی داهاته‌كه‌یشى وه‌زاره‌تى نه‌وت ده‌ڵێ، كۆى داهاته‌كه‌ دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هه‌زار دۆلار بووه‌.

وه‌زاره‌تى نه‌وت روونى ده‌كاته‌وه‌ كۆى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوى ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراق له‌ مانگى حوزه‌یران 81 ملیۆن و حه‌وت هه‌زار و 675 به‌رمیل نه‌وت بووه‌، كه‌چى نه‌وتى هه‌نارده‌كراوى كێڵگه‌كانى كه‌ركووك له‌ مانگى رابردوو بۆ به‌نده‌رى جیهانى توركى سێ ملیۆن و 482 هه‌زار و 519 به‌رمیل بووه‌.
  
به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنى ئۆپیك پڵه‌س كه‌ له‌ سه‌ره‌تاى مانگى نیسان كراوه‌، عێراق ده‌بێت مانگانه‌ بڕى ملیۆنێك و 60 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌متر هه‌نارده‌ بكات، بۆیه‌ وه‌زاره‌تى نه‌وت دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌ تێكڕای هه‌نارده‌ى نه‌وتى عێراق له‌ رۆژێكدا دوو ملیۆن و 816 هه‌زار به‌رمیل بووه‌ كه‌ دوو ملیۆن و 700 هه‌زار له‌ به‌نده‌ره‌كانى به‌سره‌ رۆیشتووه‌، 11 هه‌زاره‌كه‌ى تریش رۆژانه‌ له‌ كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌نارده‌ى به‌نده‌رى جیهان كراوه‌. تێكڕاى نرخى به‌رمیلێكى نه‌وتى عێراقیش 33. 86 سه‌نت بووه‌.

به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى دنیا دابه‌زیوه‌ و ئه‌مه‌یش عێراقى تووشى ته‌نگژه‌یه‌كى قووڵ كردووه‌، چونكه‌ نه‌وت زیاتر 95% داهاتى عێراق پێكده‌هێنێ. به‌گوێره‌ى لێدوانه‌ فه‌رمییه‌كان عێراق مانگانه‌ پێویستى به‌ پێنج ملیار دۆلاره‌ بۆ دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى، كه‌چى داهاتى مانگى رابردوو كه‌متر له‌ سێ ملیار دۆلار بووه‌.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل