تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ‌ دەكات

:: PM:01:45:01/07/2020 ‌

 

سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، دەست دەكرێت بە تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و پرۆسەكە خێرا دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی تەمووز، محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، پرۆسەی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ دەكات.

پەلە لە جێبەجێكردنی تاپۆكردنی یەكەكانی نێشتەجێبوون بكرێت
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونی كردووەتەوە، دوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر درا، پرۆسەی تاپۆكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون دەست پێ كراوەتەوە، ‌165 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان دروست كراون و بەشێكی زۆریان ماون كە تاپۆ نەكراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەكە زیاتر دەچێتە پێشەوە.

باسی لەوەش كردووە، لەم هەفتەیەدا كۆبوونەكانیان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەكە خێراتر بكرێت و پەلە لە جێبەجێكردنی تاپۆكردنی یەكەكانی نێشتەجێبوون بكرێت.

لەبارەی كەمكردنەوەی كرێی یەكەكانی نیشتەجێبوون ڕوونی كردووەتەوە، كرێی خزمەتگوزاریی یەكەكانی نیشتەجێبوون كەم دەكرێتەوە و ‌لە قازانجی هاووڵاتییان بێت. دوایین كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار دراوە پەلە بكرێت لەو رێوشوێن و خزمەتگوزارییانەی كە حكوومەت دەتوانێت وەری بگرێت وەك ئاو و خاشاك و بە زووترین كات وەربگیرێنەوە‌.

ئەو گوتانەی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە كاتێكدایە، ئەمڕۆ یەكەمین بڕیاری چاكسازی چووە بواری جێبەجێكردن كە كەمكردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەكانی نۆ شوێن دەستی پێ‌ كرد.


 



وشە - رامیار جەواد