لە پارێزگایەكی كوردستان ساڵانە شەش تۆن زێڕ بەرهەم دەهێنرێت

:: PM:04:59:01/07/2020 ‌
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەنی 51 جۆر كانزایە و بە گشتی یەك ملیار و 214 ملیۆن تۆن یەدەگی كانزایی هەیە كە گرنگترینیان زێڕە، ساڵانە شەش تۆن زێڕی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

هەردوو كانگای زێڕی زەرشۆران و ئاقدەڕە لە تكاب و ساینقەڵا كە كەوتوونەتە باشووری پارێزگای ورمێ، لە گرنگترین سەرچاوەی كانزای زێڕن.

 ساڵانە هەزار و 35 تۆن خۆڵی زێڕ لەم دوو شوێنە بەرهەم دەهێنرێت و بۆ كارگەی تایبەتی بۆ ئەوەی زێڕەكەی جیا بكرێتەوە دێتە ناردن.

30%ی كۆی زێڕی یەدەگی ژێر زەوی ئێران لەم كانگایە هەڵكەوتووە.
بەگوێرەی "ئیرنا" زەرشۆران بە گەورەترین كانگای زێڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار دەكرێت، هەر ئێستە 700 كەس لە كانگاكە كار دەكەن و 30%ی كۆی زێڕی یەدەگی ژێر زەوی ئێران لەم كانگایە هەڵكەوتووە.

ساڵی 2015 یەكەم شمشی زێڕ بەرهەم هێنرا و هەر ئەوكات رۆژانە 20 كیلۆ زێڕی 24 عەیار بەرهەم دەهات كە ساڵانە دەكاتە زیاتر لە سێ تۆن، بەگوێرەی ئەو پلانەی دانرابوو دەبێ ئێستە ساڵانە شەش تۆن بەرهەم بهێنرێت. دەگوترێ 110 تۆن زێڕی پاڵاوتوو لەم كانگایە هەیە.

رۆژهەڵاتی كوردستان بە سامانە سروشتییەكان دەوڵەمەندە، بەڵام سامانەكەی بۆ خەڵكی ناوچەكە سوودی لێ وەرناگیرێت.



وشە - سلێمان تاشان