سەركردەیەكی گۆڕان: لەگەڵ پارتی هەموو روویەكی چاكسازیمان تاوتوێ كردووە

:: PM:09:24:01/07/2020 ‌

ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رای دەگەیەنێت، پرۆژەی چاكسازی كاریگەری تەواوەتی لەسەر كوردستان دەبێت و بڕیاری جێبەجێكردنیشی، هەنگاوێكی گەورەیە كە ئەمرۆ چووەتە جێبەجێكردنەوە و هەر ئەمڕۆش دەسكراوە بە پرۆسەكە.
كێشەی بندیوار و خانەنشینی و دوومووچەیی چارەسەر دەكات
خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەمرۆ بڕیار درا و پڕۆژەی چاكسازی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، دەست بەجێ دەستكراوە بە چاكسازی و وەزیری دارایی لای خۆیەوە نووسراوی كردووە بۆ فەرمانگەكان بۆ ئەوەی پڕۆژەكە جێبەجێ  بكرێت. 

زیاتر گوتی، پرۆسەكە هەموو بوارەكان دەگرێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان و پارتیش، لەسەر بنەمای چاكسازی رێككەوتن كراوە و چەندینجار قسە كرا كاتی چەندان كۆبوونەوە كرا تا رێككەوتین لەسەری، هەموو لایەنەكانمان شەنوكەو كردووە.

سەركانی روونی كردەوە، چاكسازی سوودێكی زۆر باشی دەبێت و داهاتێكی زۆر بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێنێتەوە، ئەو پارەیەی كە بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە لە چاكسازییەكە، مووچەی پێ چارەسەر دەكرێت كە گرنگترین شتە بۆ ئێستە، هەروەها گرفتی بندیوار و خانەنشینی و دوومووچەیی چارەسەر دەكات.

"لەلایەكی تریشەوە چاكسازییەكە بۆ چاككردنی هەندێك ئیشوكاری فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانە بۆ گەندەڵی، كە تا ئێستە بەبێ لێپرسینەوە كاریان كردووە بە ویستی خۆیان، هیچ بەربەستێك نەبووە و لێپرسینەوەیان لێ دەكات"، خەلیل سەركانی وای گوت.

سلێمانی/هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل