13 هونه‌رمه‌ندی كورد پێكه‌وه له ڤیدیۆ كلیپێكدا گۆرانی بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ڵێن و بڕیاره به‌مزووانه كلیپه‌كه بڵاو بكه‌نه‌وه.
له ڤیدیۆ كلیپێكدا گۆرانی بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ڵێن
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووی ته‌مووز، مازیار فایه‌قی شاعیر به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، "نووسینی تێكست بۆ ئه‌م به‌رهه‌م و كاره، له‌لایه‌ن ئاریۆس خاوه‌نی ستۆدیۆ و بڕیار فه‌تاحی ده‌رھێنه‌ره‌وه داوام لێ كرا و بیرۆكه‌كه‌یان بۆ باس كردم، منیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كارێكی مرۆیی بوو، پێم خۆش بوو به‌شدار بم و ئه‌ركی نووسینی تێكسته‌كه‌یان به من به‌خشی، تێكسته‌كه باس له خۆپارێزی ده‌كات دژی ئه‌م ده‌رده‌ی ڕووی له ھه‌موو دنیا كردووه، په‌یامی تێكسته‌كه‌ش خۆپاراستنی ھاووڵاتییان و كه‌س و خزم و ئازیزانمانه".
زیاتر گوتی، "13 ھونه‌رمه‌ندی دیاری كوردستانن به‌شدارییان له‌و به‌رهه‌مه كردووه كه به‌شێوه‌ی كلیپ بڵاو ده‌بێته‌وه، ھه‌ندێ كۆپله‌ی بادینی تێدایه و تێكستنووسێكی تر نووسیویه‌تی، ته‌نیا به‌شه بادینییه‌كه‌ی به ناوی ئه‌رده‌وانه".
ڕوونی كرده‌وه، "هونه‌رمه‌ندانی به‌شدار بریتین له په‌یوه‌ند جاف - سامان عومه‌ر - چۆپی فه‌تاح - عه‌ماڕ كووفی - عادل ھه‌ورامی - ئه‌یاد حوسێن - گۆران نووری - حه‌مید عوسمان - ڕێبه‌ر دڵشاد - دیلیناز یه‌ڵدز - ھۆنیا كه‌مال - ئاڤان عوسمان - ئیسلام زاخۆیی، هونه‌رمه‌دان مه‌به‌ستیانه له ڕێی ئه‌م كلیپه‌وه هاونیشتمانیان له مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڤید-19 ئاگادار بكه‌نه‌وه و هۆكاربن بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتییان ڕێنوێنییه‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ن."
ئاشكرای كرد، "ئاواز و موزیك له‌لایه‌ن ئاریۆسه كراوه، كاری ده‌رھێنان و بیرۆكه‌ی بڕیار فه‌تاحه، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رھه‌مه‌كه‌ش ئاریان جه‌ماله، كاری وێنه‌گرتنی له سوید ھونه‌رمه‌ندان په‌یوه‌ند جاف و ئه‌یاد حوسێن و گۆران نووری، كورده عومه‌ر ھاوكاریان بووه بۆ ڤیدیۆكانیان".
مازیار فایه‌ق ته‌مه‌ن /22 ساڵ/، قوتابیی به‌شی ئه‌ندازیارییه له زانكۆی سلێمانی و به‌مدواییانه‌ش كۆمه‌ڵێك كاری له‌گه‌ڵ ھونه‌رمه‌ندان كردووه، یه‌كه‌م تێكستی به ده‌نگی ئه‌حمه‌د خه‌لیل بووه بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه، دوای ئه‌ویش ھونه‌رمه‌ند ڕۆژ كه‌ریم زیاتر له 20 تێكست و هونه‌رمه‌ند ھه‌رێم سه‌ڵاح 15 تێكست.
كاریشی بۆ هونه‌رمه‌ندان دیاری قه‌ره‌داغی و كه‌مال محه‌مه‌د و مه‌ریوان سه‌فادین و ماھیر ئه‌مین و په‌یوه‌ند جاف و ئه‌حمه‌د خه‌لیل و كاروان نه‌ی و شوان قه‌ره‌داغی و زۆری تریش كردووه.