هه‌رچه‌نده تا ئێسته به‌فه‌رمی هیچ بڕیارێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانیی شارستانیی عێراقی له‌باره‌ی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته گه‌شتیارییه‌كان ده‌رنه‌چووه، به‌ڵام سلێمانی ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌شته ئاسمانییه‌كان ده‌ست پێ كردووه.
ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌م گه‌شته تایبه‌ته 157 گه‌شتیار بووه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووی ته‌مووز، تاهیر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، هه‌ر گه‌شتێك له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه ئه‌نجام بدرێت، به پێی ڕێنوێنی و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقییه‌وه به ڕێنوێنییه ته‌ندروستییه‌كانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت".
لای خۆیه‌وه ڕێوان عه‌بدوڵا خاوه‌نی كۆمپانیای سه‌فاری گه‌شتیاری به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سه‌عات چوار و پێنج خوله‌كی به‌ره‌به‌یانی، یه‌كه‌م گه‌شتی ناچاری ھێڵی ئاسمانی ئۆنور ئێر له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانییه‌وه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ، له‌وێشه‌وه بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌نجام درا، ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئه‌م گه‌شته تایبه‌ته 157 گه‌شتیار بوو.
پێشتر له ڕاگه‌یانراوێكدا فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ڕای گه‌یاندبوو، ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی شارستانی عێراقی ئاگاداری كردوونه‌ته‌وه كه ماوه‌ی ڕاگرتنی گه‌شته ئاسمانییه‌كان له عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ 15ی ته‌مووز درێژ كراوه‌ته‌وه و ئه‌و بڕیاره‌ش گه‌شتی فڕۆكه‌كانی مانگی سوور، سه‌ربازی، ته‌ندروستی و بارهه‌ڵگر (كارگۆ) ناگرێته‌وه.
گه‌شتى ناچارى مانگانه له ڕێى فڕۆكه‌خانه‌كانى به‌غدا و هه‌ولێر و بۆ یه‌كه‌م جاره له ڕێى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانییه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نیا خاوه‌ن ئیقامه‌ى توركیا و ئه‌وروپا و هه‌ڵگرى ناسنامه‌كانى ئه‌وروپى و ئه‌مه‌ریكى و كه‌نه‌دى و وڵاتانى تر ده‌گرێته‌وه كه هاووڵاتییانى له كوردستان ماونه‌ته‌وه. به پێچه‌وانه‌وه هیچ گه‌شتێك له جیهانه‌وه بۆ ناوه‌وه‌ى عێراق ڕێپێدراو نییه.
ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراقی، به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا سه‌رجه‌م گه‌شته‌كانی بۆ ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی عێراق وه‌ستاندووه، له فڕۆكه‌خانه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیش، ئه‌مه‌یش بۆ به‌رگه‌گرتنی له هاتنه ناوه‌وه‌ی كه‌سانی بیانی بۆ وڵات و زیاتر بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه، له ڕۆژی 17ی ئاداره‌وه تا ئێسته فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و عێراق داخراون، ڕاگرتنی گه‌شته‌كان ته‌نیا گه‌شتی دیپلۆماسی و ته‌ندروستی و كاگۆ ناچارییه، ناگرێته‌وه.