تەقینەوە لە بنكەیەكی ناوكیی ئێران رووی دا

:: PM:01:44:02/07/2020 ‌
لە بنكەیەكی ناوكیی ئێران تەقینەوە رووی دا. بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەوەی رووی داوە ئاگركەوتنەوەیە و میدیاكانی جیهانیش گومانی ئەوەیان هەیە تەقینەوەی گەورە لە بنكەكە رووی دابێت و رووداوی كارەساتباری چێرنۆبیل لە سەردەمی یەكێتی سۆڤیەت دووبارە ببێتەوە.

بەهرۆز كەمالوەندی گوتەبێژی دامەرزاوەی ناوكیی ئێران بۆ "ئیرنا" ئاشكرای كرد، لە بنكەی ناوكیی نەتەنز كە كەوتووەتە پارێزگای ئیسفەهان، كێشەیەك دروست بووە و زیان بە بەشێكی وێستگەكە گەیشتووە كە لە نۆژەنكردنەوەدابوو.

ئەم بەرپرسەی ئێران باسی وردەكارییەكانی ئەم رووداوەی نەكردووە، بەڵام گوتوویەتی پسپۆڕان و تیمەكان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و خەریكن لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكەن.

ئەو دەڵێت هیچ زیانێكی گیانی تۆمار نەكراوە و كۆی وێستگەكەش لە كارە و چالاكییەكانی بەردەوامە.

لەلایەكی ترەوە بی  بی سی بڵاوی كردەوە، رەمەزانعەلی فێردۆسی قایمقامی نەتەنز ئاماژەی داوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاگركەوتنەوەیەك لە وێستگەی ناوكیی نەتەنز رووی داوە و خێرا تیمەكانی بەرگریی شارستانی چوونەتە شوێنی رووداوەكە.

ئەو رەتی كردووەتەوە هیچ جۆرە تیشكێكی زیانبەخش لە بنكە ناوكییەكە بڵاو بووبێتەوە و تەنانەت ئەو بنكەیە ناچالاك بووە، بۆیە هیچ جۆرە نیگەرانییەك لە ئارادا نییە.

ئەم رووداوە دوای ئەوەی دێت كە هەفتەی رابردوو لە نزیك تارانیش تەقینەوەیەكی گەورە رووی دا، بەڵام ئێران گوتی لە كۆگایەكی گاز ئاگركەوتنەوە رووی داوە و دواتر لە هەندێك وێنەی مانگی دەستكرد ئەوە دەرچوو ئەو شوێنەی تەقینەوەكەی لێ رووی داوە، شوێنێكی شاراوە بووە بۆ چالاكی پەرەپێدانی مووشەكی لە نزیك تاران.

رۆژنامەی ئورشەلیم پۆستیش باسی لەوە كردووە لە وێستگەی ناوكیی نەتەنز تەقینەوە رووی داوە و بەرپرسانی ئێران رووداوەكە دەشارنەوە.

رووبەری بنکەی ناوکیی نەتەنز 100 هەزار مەتری چوارگۆشەیە و هەشت مەتر لە ژێر زەوی هەڵکەوتووە.


مەترسی دووبارەبوونەوەی چێرنۆبیل لەئارادایە
مەترسی ئەوە لەئارادایە رووداوی دەیەی هەشتای چێرنۆبیلی ئۆكراین لە سەردەمی یەكێتی سۆڤییەت دووبارە ببێتەوە كە وێرای كوشتنی سەدان كەس زیانێكی گەورەی بە ژینگەی ئەوروپا گەیاند. ئەوكات حكوومەتی یەكێتی سۆڤییەت رووداوەكەی لە جیهان شاردەوە  و شاردنەوەی ئەم كارەساتەش هێندەی خودی كارەساتەكە زیانبار بوو.  



وشە - سلێمان تاشان