پەرلەمانتارێك: لەوبڕوایەدا نین عێراق بودجەی 2020 هەبێت

:: PM:04:20:02/07/2020 ‌

بودجەی 2020ی عێراق دەبوایە لە تشرینی یەكەمی 2019 بگەیشتایە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی هەڵوەشانەوەی حكوومەت و بوونی بەكاربەڕێكەر، تا ئێستە بودجەی 2020 نییە، 30ی مانگی رابردوو دوایین وادەی پەرلەمان بوو بۆ حكوومەت بودجە رەوانە بكات، ئەندامێكی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە لەوباوەڕدا نین بودجەی 2020 هەبێت.
عێراق لە رووی ئابوورییەوە زیاتر رووخاوە
مەیادە محەمەد نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، عێراق چارەنووسی خۆی بە نرخی نەوت بەستووەتەو و تا ئێستە بودجەی 2020 ئامادە نەكراوە، 30 مانگ دوا وادە بوو دەبووایە پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمان، بەڵام نەگەیشت و لەوبڕوایەیشدا نین بودجەی 2020 هەبێت.

زیاتر گوتی، نەبوونی بودجە ئەوە دەگەیەنێت كە رەنگە گەندەڵی تێدا بكرێت، چونكە ئەگەر حیساباتی كۆتایی ساڵ پێشكەیش نەكرێت تا بزانرێت وەزارەتەكان چیان كردووە و چیان خەرج كردووە، ئەوەیش جۆرێكە لە گەندەڵی لە رووی ئابوورییەوە، نەبوونی بودجە كاریگەری لەسەر هەموو بوارەكانی ژیان لە عێراق دەبێت، بۆیە تا كۆتایی بە گەندەڵی نەهێنن و سنوورێك بۆ كەسانی گەندەڵكار دانەنێن، دۆخی عێراق بەرەو خراپتر دەڕوات.

نەجاڕ روونی كردەوە، دابەزیمی نرخی نەوت كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئامادەنەبوونی بودجەی عێراق  یان رێژەی كورتهێنانی تیایدایە، هەبوو، كە تا ئێستە نەتوانراوە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دابین بكرێت، بۆیە جگە لەو تەنگژانەی هەن و ئەو گەندەڵییەی باس كرا، بێبەرنامەیی هەیە، چەند ساڵێكە عێراق بودجەیەكی زەبەلاحی هەبوو، كەچی تەنیا توانیویانە مووچە دابەش بكەن، ئێستە مووچەكەیش نەماوە، بۆیە عێراق لە رووی ئابوورییەوە زیاتر رووخاوە.

"یەكێك لەو رێگەچارانەی عێراق رووی تێ كردووە بۆ دابینكردنی مووچە، قەرزە، ئەو قەرزانەیش كاریگەری نەرێنیان هەیە، چونكە راستە عێراق بەهۆی یەدەگی زێڕ و دراو و نەوتەی هەیەتی، بانكی نێودەوڵەتی و لایەنیتریش قەرزی پێ دەدەن، بەڵام سوودی دێتە سەر، كە قەرزەكە و سوودەكەیشی كاریگەری ئابووریان هەیە"، نەجاڕ وای گوت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل