بەهۆی بودجەی 2020 داوای لێپرسینەوە لەگەڵ كازمی دەكرێت

:: PM:07:13:02/07/2020 ‌

بودجەی 2020ی عێراق كێشەی لەنێوان پەرلەمان و حكوومەت دروست كردووە، كاتێك مانگی رابردوو پەرلەمان تا 30ی حوزەیرانی بۆ حكوومەت دیاری كرد بۆ رەوانەكردنی بودجەكە بۆ پەرلەمان، لەوكاتەی حكوومەت نیازی رەوانەكردنی نییە و خۆی بۆ ئامادەكردنی 2021 ساز داوە، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان داوای بە پەلە مێوانداریكردنی مستەفا كازمی دەكات. 
پاساوەكان قبووڵكراو نەبوون مێوانداریكردنەكە دەبێتە لێپرسینەوە
ئەحمەد سەفاڕ، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێك دا بە ناچاركردنی حكوومەت بۆ رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 پێش 30ی حوزەیرانی رابردوو، بەڵام حكوومەت گوێی بەو بڕیارە نەدا، تەنانەت تا ئەوساتەیش وەڵامی پرسیاری ئەوەی نەداوەتەوە كە بودجە رەوانە دەكات یان نا.  

زیاتر گوتی، ئەو هەڵسوكەوتەی حكوومەت، پێشێلكارییەكی روونی بڕیارەكانی دەسەڵاتی یاسادانانە كە دەبێت پێوەیان پابەند بێت، بۆیە پێویستە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوایەكی بە پەلە بكات بۆ مێوانداریكردنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی بۆ زانینی هۆكاری رەوانەنەكردنی بودجە و وەڵامنەدانەوەی پرسیار و داواكارییەكانی لیژنە پێوەندیدارەكانی پەرلەمان. 

سەفار ئاماژەی كرد، لەكاتی مێوانداریكردنی كازمی و عەلاوی، ئەگەر پاساوەكانیان قبووڵكراو نەبوون، ئەوكات مێوانداریكردنەكە دەبێتە لێپرسینەوە و دوای ئەوە دەنگدان لەسەر وەرگرتنەوەی متمانە لێیان دەدرێت، ئەوەیش دەوەستێتە سەر وەڵامدانەوەی ئەوان و قەناعەتكردنی پەرلەمانتاران بە وەڵامەكانیان.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل