نهێنی پێشێلكارییەكانی دوایی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەبێت

:: PM:09:06:02/07/2020 ‌

لە ماوەی رابردوودا و وردتر لە 10ی مانگی رابردوو بۆردمانەكانی توركیا بۆ چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و دوای ئەو لە 17ی حوزەیران ئۆپراسیۆنێكی سەربازی دەست پێ كرد، هەموو ئەوانە بە پاساوی لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان، بەڵام كردنەوەی بەرەیەكی تری جەنگ جیا لە سووریا و لیبیا، لە رووی سات و قەبارەی هێرشەكە، گومانی لای شارەزایانی ئەڵمانیا دروست كردووە.
هۆكاری تر هەن بۆ ئەو هەنگاوەی توركیا
بوونی چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و عێراق، بە بەردەوام گومانی دروست كردووە، بۆچی لەوێن و بەبەردەوام پاساو دەدەن بە توركیا بۆ شێواندنی ئارامی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوجارەشیان توركیا ئەو پاساوە بۆ گەیاندنی پەیامەكانی خۆی بە هەرێمی كوردستان و دۆستانی كورد دەقۆزێتەوە. 

چاودێران تۆماس ئەفیرانیۆس مۆریتس باومشتیگەر لە رۆژنامەی "زۆدۆیچە تسایتۆنگ"، هێرشەكەی توركیایان لەبارەی سات و قەبارەوە بە كتوپڕ دانا، چونكە توركیا سەرقاڵی دوو بەرەی ترە لە سووریا و لیبیا.

لەوكاتەی ماریۆن سیندكلەر، پەیامنێری تۆڕی هەواڵی "ئای ئار دی"ی ئەڵمانی لە ئیستەنبووڵ لە وتارێكی كە پشتی بە شرۆڤەی كریستیان براكیل، لە دەزگەی "هاینریش بوڵ"ی ئەڵمانی لە ئیستەنبووڵ بەستووە، دووپاتی دەكاتەوە كە هۆكاری تر هەن بۆ ئەو هەنگاوەی توركیا.

ئەو ئاماژەی بۆ گفتوگۆی ئاشتی نێوان هێزە كوردییەكانی رۆژئاوا (ئەنەكەسە و پەیەدە)، كرد كە ئەمەریكا و فڕەنسا سەرپەرشتی دەكەن و هەرێمی كوردستانیش تیایدا بەشدارە، ئەو بەچاوی گومانەوە سەیری جموجۆڵەكانی ئەنكەرە دەكات، بۆیە دەكرێ ئەو لەشكركێشییە پەیامێكی ئەردۆغان بێت بەوەی ناكرێت دۆزی كورد بێ توركیا تاوتوێ بكرێت.  

وەك لە راپۆرتەكەی ماڵپەڕی "دۆیچە ویلەی"ی ئەڵمانی هاتووە، ئەگەر كورد بتوانن لەگەڵ یەكتر رێكبەكەون، دوور لە بەرژەوەندی دەرەكی كە جیایان دەكاتەوە، ئەوە دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە، بەڵام زیاتر لە جارێك مێژوو ستەمی لێ كردوون و هاوپەیمانەكانیشیان ناپاكی، بۆیە قەدەری ئەوانە كە گەورەترین نەتەوەی دنیا بن دەوڵەت یان قەوارەیەكی سیاسی دانپێدانراوی جیهانیان نییە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل