لیژنەی ئاسایش و بەرگری: پێشمەرگە و سوپای عێراق لە رێككەوتن نزیكن

:: PM:09:33:02/07/2020 ‌
 
دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق پشتگیری لە هەوڵەكانی پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكان دەكات، بڕیاریشە لە كۆتایی ئەم مانگە شاندی بەرگری عێراق بێتە هەولێر.
بە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە بەر دەگیرێت لە هێرشەكانی داعش
 عەبدولخالق مدحەت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی راگەیاند، وەك لیژنەی بەرگری و ئاسایش بە پێویستی دەزانین بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی و بەرگرتن لە هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش، هاوئاهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبێ.

زیاتر گوتی، وەك لیژنەكەمان بەر لە چەند رۆژێك لەو رووەوە داواكاریمان ئاراستەی سەرۆك وەزیران كردبوو سەبارەت بە گرنگی پێكهێنانی هێزی هاوبەش، بەجۆرێك لەو ناوچانەدا پێكەوە بۆشایی تەناهی پڕ بكەنەوە و رێگە نەدەن داعش خاكی نێوان هەردولا بۆ خۆڕێكخستنەوە بەكاربینێت.

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لەكاتێكدایە بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتەكە سەردانی بەغدای كرد و لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق باسی هاوئاهەنگی هەردوولا كراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، واش بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگەدا شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق بێتە هەولێر و گفتوگۆكانیان لەوبارەوە درێژە پێ بدەن.

لای خۆیەوە عەمید جموور رۆستەم، فەرماندەی پێشمەرگە لە سنووری شارەدێی كوڵەجۆ لە گەرمیان، بۆ "وشە"دووپاتی لەسەر كردەوە، ماوەی سێ ساڵە داعش تەنیا لە ئەنجامی سوودوەرگرتن لە بۆشایی تەناهی توانیویەتی كردەی تیرۆریستی ئەنجام بدات، ئەگینا داعش زۆر لاواز بووە، بۆیە بە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە بەر دەگیرێت لە هێرش و كردە تیرۆریستییەكانی داعش.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل