فەرمانبەران: چاكسازی دۆخێكی لەبارتر بۆ دابەشكردنی رێكوپێكی مووچە دەرەخسێنێت

:: PM:10:00:02/07/2020 ‌

فەرمانبەرانی پلە نزم باس لەوە دەكەن، چاكسازی لە مووچەی ئەگەر بە كەمكردنەوەی بڕێك مووچە لەوانیش بێت، شتێكی خراپ نییە، بەڵام مانگانە لە كاتی خۆیدا دابەش بكرێت، ئەوان ئومێد دەكەن كە چاكسازی كۆتایی بەو گرفتە بێنێت كە بۆ مووچەخۆر و مووچە دروست بووە.
ئەو چاكسازییە كۆتایی بە نیگەرانی و چاوەڕوانی دێنێت
لە دوێنێوە هەرێمی كوردستان چووەتە ناو قۆناغ و دۆخێكی ترەوە، كاتێك شەمەندەفەری چاكسازی لەلایەن كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێم بۆ راستكردنەوەی دۆخی چەندان ساڵە، لەسەر بنەمایەكی دادپەروەری دەستی بە جووڵانەوە كرد.

بەناز ئەحمەد، فەرمانبەری پلە نزم لە فەرمانگەی تاپۆ بە "وشە"ی راگەیاند، چاكسازی لە مووچەخۆران و كەمكردنەوەی مووچەی پلە تایبەت و لابردنی مووچەخۆری نایاسایی و زۆر، كە ساڵانێكە پارەیەكی زۆر و زەبەلاح وەردەگرن و بوونەتە قوڕسایی لەسەر مووچەخۆری راستی، ئەمە تەنیا لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی راستی و یاساییە.

زیاتر گوتی، ئەوەی لە رابردوو هەبوو، لە دواكەوتنی مووچە و نەدانی لە كاتی خۆیدا، بەو چاكسازییە كە جێبەجێ دەكرێت، كۆتایی بەو نیگەرانی و چاوەڕوانییە دێنێت، كە هەموو مانگی هەڵای پێدانی مووچە و خشتەی مووجە دروست دەبوو.

بەسۆز میرزا، فەرمانبەرێكی ترە بە "وشە" دەڵێت، كەمكردنەوەی مووچە كارێكی قوڕسە، كاتێك فەرمانبەرێك یاسایی بێت و بە هەقی خۆی دامەزرابێت و رۆژانە و مانگانە لەكات و ساتی خۆی دەوام دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو قوڕساییەی كە كەوتووتە سەر مووچە، بەهۆی كارە نایاساییەكان كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو كراوە، بە دامەزراندنی لێشاوی نایاسایی و خانەنشینكردن، وای كردووە مووچەخۆری یاسایی باجەكەی بدەن، بەوشێوە چاكسازییە باشترە لەكاتی خۆی بڕێك كەمتر وەرگری وەك لەوەی زیاتر لە مانگێك مووچەی تەواوەتی وەرگری.

 كاروان كەریم، فەرمانبەرێكی تری پلە نزمە و پێی وایە، هەموو فەرمانبەرێك پێی باشە چاكسازی بكرێت و كەسی نایاسایی دەربكرێت و ئەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و چەندان ساڵە دوو هێندە و سێ هێندەی موچەخۆری یاسایی پارەی وەرگرتووە، ئەو هەموو خانەنشین و پلە تایبەتانە كە ساڵانێكە داهاتی میلەت دەخۆن، لاببرێن و نەمێنن.

روونی كردەوە، ئەو چاكسازییەی كە راگەیەندراوە، هیوادارین وەك خۆی جێبەجێ بكریت و گرفتی تر دروست نەبێ، وەك ئێستە مووچە دوانەكەوێت و لە كاتی خۆیدا بدرێت، قوڕسایی مووچە نەمێنێت و ئاسایی ببێتەوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل